ئەمساڵ بەرهەمی هەنار لە ئاستێکی زۆر باشدایە

هەنار
هەنار

ئەمساڵ بەرهەمی هەنار لە ئاستێکی زۆر باشدایە و هاووڵاتییان جگەلە خواردنی، دەیکەنە شەربەت و لە بەفرگر بو ساڵ هەڵیدەگرن، زۆریشیان لە مانگی ڕەمەزاندا سفرەکانی خۆیان پێ دەڕازێننەوە.

 بەرهەمی هەنار ئەمساڵ لە ئاستێکی زۆر باشدایە، بەشێک لە هاووڵاتییان ئاوی گوشراوی هەنار بۆ وەرزەکانی دیکەی ساڵ هەڵدەگرن، جگە لە هەڵگرتنی هەنار، ئەو هاووڵاتییانەی کە دەیانەوێت لە وەرزەکانی دیکەی ساڵدا شەربەتی سروشتی هەناریان هەبێت، لەڕێگەی دەزگایەکی تایبەت بە گوشینی هەنار و شەربەت دروستکردن، ئەو شەربەتی هەنارەی ئێستا  دروستی دەکەن، هەڵیدەگرن بۆ وەرزەکانی دیکە، شەربەتی هەنارەکە زۆر سروشتییە و  دەیخەنە بەفرگرەوە، هەر کاتێکیش بیانەوێت لەهەر وەرزێکی ساڵ بەکاری بێنن، تام و بۆن و ڕەنگی سروشتیی خۆی لەدەست نادات.

محەمەد هاووڵاتییەکە بۆ سێیەم ساڵە لەسەر یەک، 100 کیلۆ هەنار دەکڕێ و دەیباتە کارگەیەک بۆ ئەوەی بیکات بە شەربەت، دواتر ئاوی گوشراوی هەنارەکە دەخاتە دەببەی یەک لیتری و لەناو بەفرگردا دایدەنێت تا دەیبەستێت،  محەمەد دەڵێت: بۆ مانگی ڕەمەزان، هەر ئێوارەیەک دەببەیەکی لێ دەردەهێنن و بەربانگی پێ دەکەینەوە.

محەمەد قادر  گوتیشی: ئاوی گوشراوی پێراریشم ماوە لە بەفر گر، هەموو ساڵێک هەنار دەگوشم، جگەلەخۆم، بۆ ماڵە براکانیشم 110 کیلۆ هەنارم کڕیوە بۆ ئەوەی لەو کارگەیەبۆیان بگوشم و بۆیان بکەم بە شەربەت.

ئالان ئەحمەدیش گوتی:  پەلکی هەنارەکە، ئاژەڵداران دێن لە کارگەکە دەیبەن و  وشکی دەکەنەوە، دواتر دەیهاڕن و دەیکەن بە ئالیک بۆ ئاژەڵ، بەتایبەتیش ئاژەڵی بچووک،گوتی: ئاژەڵداران دەڵێن، بە پەلکی هەنار، شیری ئاژەڵەکان دوو بەرابەر زیاد دەکات بە بەراورد بەو ئالیکەی کە دەیخۆن.