هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا رژده‌ له‌سه‌ر بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختە

پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق، سه‌ره‌ڕای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی لەلایەن چه‌ند لایه‌نێكی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، به‌ڵام هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا رژده‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌و چه‌ند مه‌رجێكیش بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕایگه‌یاندووه‌، سێ مه‌رجیان بۆ یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌ و هیچ ترسێكیشیان له‌ سوودانی نییه‌، به‌ڵام له‌ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات بۆ مه‌رامی كه‌سیی ده‌ترسن.

به‌گوته‌ی به‌رپرسان و نه‌یارانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، جۆره‌ سه‌قامگیرییه‌كی ئه‌منی و سیاسی له‌عێراقدا هه‌یه‌ و پێویست به‌وه‌ ناكات عێراق بچێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌كارنامه‌ی حكوومه‌تی نوێدا، ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بۆ ڕاسته‌ڕێكردنی پرۆسه‌ی سیاسی و به‌شداری گشت هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ داهاتووی وڵات كراوه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا زۆر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ده‌كاته‌وه‌، هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسایه.

عه‌قیل فه‌تلاوی، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕایگه‌یاندووه‌، "ئه‌وه‌ی بێمتمانه‌یی خه‌ڵك ده‌گۆڕێت، یاسایه‌كی نوێیه‌ بۆ هەڵبژاردنه‌كان، بەڵام تائێستا هێزە شیعەکانیش له‌ پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردن یه‌ك ده‌نگ نین".

عه‌قیل فه‌تلاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، "سێ مه‌رجیان هه‌یه‌، له‌وانه‌، یاسایه‌ك بێت به‌ پاره‌ و ده‌سه‌ڵات به‌كارنه‌هێنرێت".

فه‌تلاوی ڕەتیدەکاتەوە پاڵپشتیان بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردن لێدان بێت له‌ سوودانی، یان ڕێگری لە هەر هێزێکی سیاسی نوێ بکه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی سوودانی هەیەتی، به‌هه‌مانشێوه‌ مالیکی هه‌یه‌تی و هێشتا لایه‌نگری زۆرتریشی هه‌یه‌.

به‌گوته‌ی فه‌تلاوی، "له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ زه‌قی ده‌ركه‌وت، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ده‌نگیان به‌وانه‌ داوه‌ كه‌ مووچه‌ی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تیان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ یان له‌ حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زرابوون".

سه‌باره‌ت به‌ ویلایه‌تی دووه‌می سوودانی، فه‌تلاوی ئاماژه‌یداوه‌، ئه‌م پرسه‌ پێویستی به‌ كۆده‌نگی سیاسییه‌، هه‌روه‌ها بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌ ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نابن.