بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران خەرج کرا

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی بازرگانیی عێراق زیاتر لە 158 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-11-2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا خەرجکردنی 400 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەر یەکە لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر و دهۆکی ڕاگەیاند. 

د. سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەو 400 ملیار دینارە، 158 ملیار و 454 ملیۆن دیناریان بۆ جووتیارانی هەر سێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و سلێمانی بەم شێوەیە خەرج کراوە: 

دهۆک: 43 ملیار دینار

هەولێر: 55 ملیار و 454 ملیۆن دینار 

سلێمانی: 60 ملیار دینار

ڕۆژی 06ـی حوزەیرانی ئەمساڵ حکوومەتی عێراق دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد و پرۆسەکە تاوەکوو 20ی تەممووز بەردەوام بوو.

لەو ماوەیەدا، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن گەنم وەرگیرا کە بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار بوو. 

 ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیاران کەم بوو، بۆیە حکوومەتی فیدراڵی بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.