لێکۆڵینەوه لەسەر کاریگەریی ئەرێنیی ئیبۆپرۆفین لەسەر کۆرۆنا دەکرێت

ئه‌و ده‌رمانه‌ کێشەی هەناسەتەنگی چارەسەر دەکات

K24- هه‌ولێر:

تیمێكی زانایانی بەریتانیا ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر کاریگەرییه‌كانی ده‌رمانی ئیبۆپرۆفین لەسەر تووشبووانی کۆرۆنا كردووه‌.

به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی "بی بی سی" تیمی لێكۆڵه‌‌ران‌ پێیان وایه، دەرمانی دژه ئازار و دژه هەوكردنی ئیبۆپرۆفین، کێشەی هەناسەتەنگی چارەسەر دەکات.

هه‌روه‌ها ئومێدیان به‌وه‌یه‌، ئەو دەرمانه هەرزانه بتوانێت جێگەی بەکارهێنانی ڤەنتیلاتۆر(ventilator) ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بگرێتەوه.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا نیوەی تووشبووانی کۆرۆنا، جگه له دەرمانه باوەکان، ئیبۆپرۆفینیشیان پێدەدرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوه سەرەتاییەکان لەسەر ئاژەڵان، ئیبۆپرۆفین هەناسەتەنگیی توند که یەکێك له لێکەوتەکانی کۆرۆنایه، باشتر دەکات.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا، له جێگەی ئیبۆپرۆفین، پێکهاتەیەکی نوێی ئەم دەرمانه بەکاردەهێندرێت. ئەم ئیبۆپرۆفینانه، کەپسوولی "لیپیدی"ـن که بۆ نەخۆشیی ئارترۆز بەکاردێت.

میتۆل مەهتا یەکێك له ئەندامی تیمه لیکۆڵینەوەکه دەڵێت: پێویستییان به تاقیکردنەوەی زیاتره بۆ ئەوەی دڵنیابین ئەنجامەکان ئەوەن که چاوەڕێمان دەکرد.

H.B