حەیدەر عەبادی: هیچ سیناریۆیەکی وڵاتان کاریگەریی لەسەر عێراق نابێت
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانی ڕیشەییدایە
دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوە دەچێت.
شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، لە پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24، گوتی: "پیرۆزبای سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکەم، داوام وایە ئەوانەی سەرکەوتوون پێویستە ئیدارەی نوێ و کاریگەری دروست بکەن و پێویستە سەرکەوتووبن لە یاسادانان و جێبەجی کردن."
گوتیشی: "عێراق لە دوای 2003وە سەرکەوتوو بووە و پێویستە عێراق سیستەمێکی سیاسی دابنێت و بەرانبەر ئالنگارییەکان بووەستێت، هەورەها هەڵبژاردنی پاک و بێگەر یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ئەم سیستەمە، بەڵام وەکو دەوڵەت لەسەرمان پێویستە خاڵەکان ببڕین، لە ئالنگارییەکانی داهاتووشدا سەربکەوین، کە یەکەمیان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە."
عەبادی دەشڵێت: "ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر گۆڕانی ڕیشەییدایە، ئەویش بەهۆی ئەو شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە و ئەنجامی جیۆ- سیاسیی هەیە و عێراقیش بەشێکە لێی."
دەشڵیت: "ستراتیجیی نوێ بۆ ئیدارەی ئەمەریکا دێتە پێشەوە کە کاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت، هەروەها دەشزانین ململانێ هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا و ئاسیا کە کاریگەری تەواوی هەبووە لەسەر هەموو جیهان."
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق دەڵێت: "پەیامەکەی من لێرە ئەوەیە، ئێستە ساتی مێژووییە، بەڵام پڕ نیگەرانی و کار و کاردانەوەی تێدایە، هەر سەرەڕۆییەکی نەزانانە و پەلە کردن دەبێتە هەڵەیەکی گەورە لەسەر وڵاتەکەمان."
خاڵی دووەم؛ ئەمە ساتێکە دەبێ بە شێوازی عەقڵانی بیر لە پێگەی سیاسی بکەینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانەکان و ئەو سیناریۆیانەی هەن بگونجێن.
عەبادی گوتیشی: "پەیامی من لێرە بۆ هەموو سیاسییەک ئەوەیە، کە هەڵەی سیاسی لە کاتی گۆڕاندا زۆر کاریگەرە، ئێمەش ئەوەمان بینیوە لە مێژووی عێراقدا."
خاڵی سێیەم؛ سێ خاڵ هەن کە زۆر مەترسیدارن لەسەر ئاستی سیاسی و بڕیاری نیشتمانی، کە بەشداریی دەکەن لە خەسارەتەکان یاخود سەرکەوتنی ئێمە. یەکەمیان ئەوەیە کە دابەشکاریی هەبێت لە کاتی بڕیاردانی نیشتمانی. دووەم؛ ئەوانەی سەرکێشی دەکەن بە سیاسەت و بڕیاری نەتەوەیی. سێیەم؛ ئەوەیە کە دەبێت هەندێک لایەن لایەنگری هەبێت لە بڕیاری نیشتمانی بۆ وڵاتێک یاخود هەرێمێک یان بەرەیەکی جیهانی.
ئاماژەشی دا "بڕیاری نیشتمانی دەرخەین بە عەقڵانی و واقیعی و سەربەخۆی ئەمە گرنگن بۆ سەرکەوتنەکانی ئێمە."
حەیدەر عەبادی خاڵی چوارەمیشی خستە ڕوو "ئەو سیناریۆیانەی کە دوژمن کارانەن لەسەر وڵاتی ئێمە هیچ سەرکەوتوو نابن ئەگەر هەندێک ئینتیمای یەکگرتنی سەربەخۆی نەبێت لەناو ئێمە، ئەویش یەکەمیان، ژێرخانی فاشل و ئابووری خراپ و حوکمڕانییەکی خراپ و ئیدارەیەکی دواکەوتوو، دابەشکاریی کۆمەڵایەتیی سیاسی هەروەها دەستاو دەستکردنی دامەزراوەکان بەدەستی حزب، گەندەڵی و هاوبەرشی پیرۆزی نیشتمانی."
ڕاشیگەیاند "ئێمە ناتوانین بکەوینە هێڵی ستراتیجیی داهاتوو بەو شێوازەی کە پێشووتر کردوومانە، پێویستە ئێمە چاکسازی بکەین چونکە ئێستە ناتوانین چاکسازیی لە وڵات بکەین، لەبەر ئەوەی ئالنگارییەکمان لە پێشە."
شایانی باسە نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.