رووداوی رفاندنی ساختەدەکات تاوەکو پارە لە دایکی بسەنێت
K24 - هەولێر
کچێکی تەمەن 17 ساڵ لە نایجیریا رووداوی رفاندنی ساختەکرد بۆ ئەوەی پارە لە دایکی بسەنێت، بەڵام پیلانەکەی ئاشکرا بوو و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
سیۆن ئادیکۆنلی، کچێکی نایجیرییە، تۆمەتبارە بەوەی لەگەڵ خۆشەویستەکەی پیلانێکیان داڕشتووە، وا نیشانی دایکیان داوە کە سیۆن رفێنراوە، پاشان داوایان لە دایکی کردووە 500 هەزار نایرا (1388 دۆلاری ئەمریکی) بدات لەپێناو رزگارکردنی.
دوای ئەوەی دایکی سیۆن لەلای پۆلیس سکاڵای تۆمارکرد بەهۆی ئەوەی کچەکەی لە رۆژی 1-6-2020ـەوە دیار نەماوە، پۆلیس کچەکە و خۆشەویستەکەی دۆزییەوە و دەستگیری کردن.
دایکی سیۆن دەڵێ دوو رۆژ دوای ئەوەی کچەکەی دیارنەماوە، کەسێک پەیوەندیی پێوە کردووە و گوتوویەتی کچەکەی رفاندووە، ئەو کەسە داوای 500 نایرای کردووە لەبری ئازادکردنی.
پۆلیس دەڵێ کە بەدوای کچەکەدا گەڕاون، لەگەڵ خۆشەویستەکەی دۆزیویانەتنەوە لەکاتێکدا هەردووکیان نووستوون، کەچی دواتر خۆیان وا نیشانداوە کە ئەوان رفێنراون و قوربانین، بۆیە پۆلیس راستەوخۆ دەستگیری کردوون.
بەگشتی رفاندن و ئازادکردنی رفێنراوان لەپێناو پارە لە نایجیریا رووداوێکی دەگمەن نییە و، کەسانی دەوڵەمەند یان خۆشەویستانیان لەپێناو بڕێک پارە دەڕفێنرێن، رفێنەرەکانیش دوای ئەوەی پارەکە وەردەگرن، بێ کێشە رفێنراوەکان ئازاد دەکەن.