کۆمپانیایەکی نوێ لە کێلگە نەوتییەکان و گازی کەرکووک دەست بەکار دەبێت
پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای BP کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لەکەرکووک کار لە کێڵگە نەوتییەکان و گازدا بکەن.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدیوانی پارێزگای کەرکووک یەکەمین کۆبوونەوەی خۆمان لەگەڵ کۆمپانیای BP کرد"، گوتیشی "ئەو کۆمپانیایە یەکەم کۆمپانیا بووە کە لەساڵانی زۆر زوو کاری لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کردووە".
پارێزگاری کەرکووک باسی لەوەش کرد، "پێشتر باسمان کردبوو، وەکو ئیدارەی نوێی کەرکووک، ئاسانکاری بۆ کارەکانی کۆمپانیای BP دەکەین بۆ ئەوەی بێنە کەرکووک کار بکەن، چونکە هاتنی ئەو کۆمپانیایە سوودی زۆر دەبێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە سوودەکانی ئەوەیە، گەشە بە هەموو کێڵگە نەوتییەکان دەدات و کار لەسەر دۆزینەوەی کێڵگەی نوێش دەکات، هەروەها وەبەرهێنان لەبواری گازدا دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجەکانمان هەلی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە".
ڕێبوار تەها دەشڵێت: BP ڕۆڵی زۆر باشی هەبووە لە بەسرە، کە لەسەدا 96ـی ئەوانەی لە پرۆژەکانی BP لە بەسرە کاردەکەن، عێراقین، کە بەهەمان شێوە لەکەرکوویش دووبارە دەبێتەوە".
جەختیشی کردەوە، "دوای ئەوەی ڕێکارەکان لە وەزارەتی نەوت تەواو دەکرێت، پێم وایە لە مانگی شوباتی 2025، دەست بەکارەکانیان دەکەن".
ڕاشیگەیاند، "پێشتر BP هەولی داوە بێتە کەرکووک، بەڵام حکوومەتەکانی پێشووی عێراق و ئیدارەی کەرکووک هاوکار نەبوون، بەڵام ئێمە ئێستە ئامادەی هەموو هاوکارییەکین لە پێناو هاتنی ئەو کۆمپانیایە".
