کاریگەریی بایەخدان بە ڕووخسار لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵایەتی

تیمێکی توێژەران کاریگەری باشترکردنی ڕواڵەتی کەسییان لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵایەتی بە گشتیی ئاشکرا کرد.

تیمی لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی تەلئەڤیڤ دەریان خستووە ئەو کەسانەی بایەخ بە ڕوخساری خۆیان دەدەن، تەنانەت لەڕێگەی هەنگاوە سادەکانی وەک ستایلی قژیان یان باشترکردنی وێنەی پڕۆفایلیان بەبەکارهێنانی فلتەر، ئەگەری بەخشینیان دوو هێندەی ئەوانی دیکەیە.

توێژەران زنجیرەیەک تاقیکردنەوەیان لەسەر بەشداربووان لە ژینگە جیاوازەکاندا کردووە، لەوانە ژینگەیەکی هەمەجۆر و تاقیگە. 

لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکاندا، داوا لە بەشداربووان کرا، بە بەکارهێنانی فلتەر وێنە سێڵفییەکانیانی ڕووخساریان هەڵبڕن و بڵاوی بکەنەوە، لە بەرامبەردا داوا لە گرووپێکی دیکە کرا وێنەی تەنێک لە ژوورەکەدا بەرز بکەنەوە.

پاشان زەرفێکیان پێ درا پارەی کاشەکەیان تێدابوو، سندوقێکی بەخشینیش لە تەنیشت زەرفەکەوە دانرا.

ئەنجامەکان دەریانخست ئەوانەی وێنەی پڕۆفایلی خۆیان سەرنجڕاکێشتر بوو، دوو هێندەی ئەوانی دیکە بەخشندە بوونە.

لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کرا، داوا لە کۆمەڵێک بەشداربوو کرا خۆیان لە سەرنجڕاکێشترین ساتەکانیاندا خەیاڵ بکەن، لە بەرامبەردا داوا لە گرووپێکی دیکە کرا، شێوازە تەلارسازییە دڵخوازەکانیان خەیاڵ بکەن.

لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەدا دیمەنێک دەرکەوت کە بەستەرێکی تێدابوو بۆ بەخشین بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان.

توێژەران بۆیان دەرکەوت 7%ی ئەوانەی خۆیان لە ساتە سەرنجڕاکێشەکانیاندا خەیاڵ کردووە، کلیکیان لەسەر لینکی بەخشینەکە کردووە، لەکاتێکدا ئەو ڕێژەیە تەنها 2% بووە لەنێو ئەو بەشداربووانەی کە نەخشی تەلارسازییان خەیاڵ کردووە.

پرۆفیسۆر دانێت ئین جار، هاوکارى نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت: "هەڵبڕینی ڕوخسارمان وامان لێ دەکات هەست بە جوانی زیاتر بکەین، ئەمەش ڕەفتاری کۆمەڵایەتیمان بەرز دەکاتەوە."

 ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەم هەستە وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی زیاتر کۆمەڵایەتی ڕەفتار بکەین، بەو پێیەی هەست دەکەین هەموو چاوەکان لەسەرمانن و هەوڵ دەدەین باشتر ڕەفتار بکەین."

جەختی لەوەش کردەوە "ئەو کەسانەی هەست بە ڕازیبوون دەکەن لە دەرکەوتنیان دەتوانن ئەم هەستە بگۆڕن بۆ کردەوەی ئەرێنی بەرامبەر بە کەسانی دیکە."

تیمی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە "ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە ڕێگە بۆ ستراتیجی نوێ دەکاتەوە لە هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی پارە، وەک هاوکاریی لەگەڵ کۆمپانیاکانی جوانکاری و ئارایشتگاکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەخشینەکان."

ناتالی کۆنۆنۆڤ، سەرپەرشتی توێژینەوەکە "جەختی لەوە کردەوە، ئەم ئەنجامانە تیشک دەخەنە سەر ئەوەی چۆن ڕەفتارەکانی پەیوەست بە جوانی دەتوانن کاریگەری لاوەکی ئەرێنییان هەبێت بۆ سوودی کۆمەڵگا."