کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە خۆپیشاندانیان کرد

خۆپیشاندەران دەرگای کۆمپانیای نەوتی 'BP'یان داخست

سێشەممە، 2-12-2024، دەیان کارمەندی کۆمپانیای نەوتی بەسرە لەبەردەم باڵەخانەی کۆمپانیای نەوتی بەریتانی (B.P) خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان کرد و داوای قازانجی چوار ساڵیان دەکرد.

خۆپیشاندەران، دەرگای کۆمپانیاکەیان لە کێڵگەی ڕومەیلە داخستووە و داوای جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو گرێبەستە دەکەن کە لە نێوان "کۆمپانیاکە و کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە مۆر کراوە."

خۆپیشاندەران، داوای قازانجەکانی چوار ساڵی ڕابردوو دەکەن، واتە ساڵانی 2021، 2022، 2023 و 2024، هاوشێوەی کۆمپانیاکانی دیکەی نەوت کە دوێنێ فەرمانی خەرجکردنی پارەکەیان دەرکردووە.

بەگوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، عێراق خاوەنی 145 ملیار بەرمیل یەدەگی سەلمێنراوی نەوتە، کە گەورەترین یەدەگی نەوتی خاوە لە جیهاندا هەیە.

عێراق، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت 'ئۆپێک' دوای سعوودیە دێت، ئێستە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەیە.