ڕۆژنامەکانی بەحرەین بایەخێکی تایبەتیان بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی داوە

ڕۆژنامەکانی بەحرەین بە بایەخێکی زۆرەوە هەواڵی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییان بۆ مەنامە باس کردووە و دەڵێن، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کراوەتەوە. 

ڕۆژی دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکوومەت؛ لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی، گەیشتە مەنامەی پایتەختی بەحرەین. 

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ مەنامە کە دوو ڕۆژی خایاند، لەگەڵ شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین؛ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین؛ عەبدوڵلەتیف بن ڕاشد ئەلزەییانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین؛ شێخ ناسر بن حەمەد ئال خەلیفە، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانی و فەرماندەی پاسەوانی شاهانەی بەحرەین و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی دیکەی گرنگی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە. 

ڕۆژنامەکانی فەرمیی بەحرین بە بایەخێکی زۆرەوە باسیان لە کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و بە تایبەت شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە و میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە کردووە. 

هەر یەکە لە ڕۆژنامەکانی (الایام، الوطن، اخبار الخليج و البلاد) پەڕەی یەکەمی هەواڵەکانیان بۆ کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تەرخان کردووە و وەکوو ئەوان ئاماژەیان پێ داوە، گەورە بەرپرسانی بەحرەین و لەسەرووی هەمووشیانەوە، شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە و میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە پەیوەندییەکانی هەولێر و مەنامەیان بە "برایانە" ناوبردووە و جەختیان لە بەهێزکردنیان لەسەر ئاستی هەموو بوارەکان کردووەتەوە. بە گوێرەی ئەو ڕۆژنامانە، تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکان، بارودۆخی ئێستەی ناوچەکە بووە.