سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی جەخت لە یەکدەنگیی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت باسی لە گۆڕانە خێراکانی ناوچەکە کرد و جەختی لە گرنگی یەکدەنگی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان کردەوە.
هەورامانی ئاماژەی دا، سەرۆک وەزیران گوتی: "گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، با هەموومان بۆ نیشتمان و بابەتە نیشتمانییەکان و مەترسییەکانی سەر کوردستان یەک بین و یەکدەنگ بین، ئەگەر لە پرسێکی ناوخۆ هاوڕا نەبین، نابێت کاریگەری هەبێت لەسەر بابەتێک کە دێتە بەردەممان و پەیوەندی بە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمەکەمان دەبێت، پێویستە ئامادە و یەکدەنگ بین".
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئەمە دەستپێکی قسەکانی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بوون لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لەهەمانکاتدا، جێگری سەرۆک وەزیران پاڵپشت و هاوڕابوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتەكانی هاوپێچی یاساكە بۆ ساڵی دارایی 2025 و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەمدواییەی سووریا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەكرێ.