لە سلێمانی فاسۆلیای تەڕ قەدەغە کرا
پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەلوەی سلێمانی فاسۆلیای تەڕی قەدەغە کرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو فاسۆلیایەی لە خواروو ناوەڕاستی عێراق و ئێران هاوردە کراوە، ڕێژەیەکی زۆری نیتراتی تێدایە و ژەهراوی بووە.
لە تاقیگەیەکی کۆنتڕۆڵی جۆری لە سلێمانی، زیاتر لە 85 تەن فاسۆلیای تەڕ لە پشکنین دەرنەچووە، دەرکەوتووە ڕێژەی نیتراتی ئەو فاسۆلیا تەڕە دووهەزارە، لە کاتێکدا 35 ڕێگە پێدراوە بۆ پێگەیاندنی.
لای خۆیەوە کۆنتڕۆڵی جۆری سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئەو فاسۆلیایە مەترسییەکی ڕژدی لەسەرە، کە ڕەنگە ئیستە کاریگەرییەکانی لەسەر هاووڵاتیان دەرنەکەوێت، بەڵام لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دروست بوونی نەخۆشییە مەترسیدارەکان، لەوانەش نەخۆشی شێرپەنجە.
ئەوەشی خستە ڕوو، بەشێک لەو فاسۆلیا تەڕە بە قاچاخ لە ئێرانەوە هاوردە کراوە، کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت لەناو بازاڕەکانی سلێمانی، دەشڵێت؛ "داوا لە بازرگانان دەکەین فاسۆلیا لە خواروو ناوەڕاستی عێراق و ئێران هاوردە نەکەن."