گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: بە پشتیوانیی مەسرور بارزانی کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارە کردوون
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی جەختی کردەوە، بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی کێشە تەکنیکییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق چارە کردووە.
پێنجشەممە، 12-12-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق هەیە، بەردەوام تیمەکانمان لەگەڵ (وەزارەتی دارایی عێراق) لە پەیوەندیدان و لەسەر هێڵن."
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوە کرد "مانگانە چەندان جار تیمە تەکنیکییەکانمان دەچێتە بەغدا و توانیویەتی زۆرینەی کێشە تەکنییەکانیان چارە بکات. ئێستە هیچ بیانووەک بە دەست وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەماوە تاوەکوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت و خەرجی نەکات."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی "ئەگەر پشتیوانی و هەوڵە بەردەوامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبوونایە، نەماندەتوانی کێشە تەکنیکییەکان چارە بکەین، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی سەرۆک وەزیران دەکەین."