شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ پرس لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، سێ پرس تاوتوێ دەکات.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی یەکشەممە، 15-12-2024، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی، سەرۆکایەتیی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە لە ئەندامێتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەبدولکەریم خسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون؛ فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و ژمارەیەک ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی پێک هاتووە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەست پێ دەکات.
پێشتر هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئامانجی سەردانەکە چارەکردنی کێشەی مووچەی هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ـی فەرمانبەران و تاوتوێکردنی هەمواری بودجە و پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتیی 2025ـی فیدراڵی.
چوارشەممە، 11-12-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت."