نوێنەری ئەنەکەسە لە دانوستانەکانی دیمەشق: ئامانجمان هەرێمێکی کوردییە لە سووریا

د. عەبدولحەکیم بەشار، نوێنەری ئەنەکەسە لە دانوستانەکانی دیمەشق
د. عەبدولحەکیم بەشار، نوێنەری ئەنەکەسە لە دانوستانەکانی دیمەشق

نوێنەری ئەنەکەسە لە دانوستانەکانی دیمەشق دووپاتی کردەوە، تێڕوانینی ئەحمەد شەرع لەبارەی دۆزی کورد لە سووریا ئەرێنییە. گوتیشی: "ئامانجمان لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و هەموارکردنەوەی دەستوور، هەرێمێکی کوردیی فیدراڵییە لە سووریا."

د. عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانیی سووریا و نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد - سووریا (ئەنەکەسە) لە دانوستانەکانی دیمەشق؛ لەبارەی دۆخی ئێستەی ئەو وڵاتە، پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو و چارەنووسی گەلی کورد؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-12-2024ـی کوردستان24 بوو کە لەلایەن هەکار نهێلییەوە پێشکەش کرا. 

ئامانجی سەردانی شاندی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق

لەبارەی ئامانجی چوونیان بۆ دیمەشق، نوێنەرەکەی ئەنەکەسە گوتی: "هاتووینەتە ئێرە تاوەکوو لەنێو جەرگەی ڕووداوەکاندا بین و بزانین چی لە دیمەشق ڕوو دەدات، چونکە پایتەختە. دەمانەوێت بزانین، خەڵک چۆن بیر دەکەنەوە؟ ئەو هێزە سیاسییانەی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد بوون و ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆن بوون، چۆن بیر دەکەنەوە؟ چی لە پێش پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی سووریایە؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەستکەوت، لەسەر ئەو بنەمایە، بڕیاری خۆمان دەدەین و هەنگاوی خۆمان دەنێین."

د. عەبدولحەکیم بەشار، ئاماژەی بەوە دا "لە دیمەشق چاومان بە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان، کەسانی سەربەخۆ و چەندان بنەماڵە کەوتووە، بە تایبەت عەلەوییەکان؛ هەمووان دەڵێن ئەوەی ڕووی دا (کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد) زۆر باشە و پێویستە پشتیوانیی حکوومەتی کاربەڕێکی سووریا بکەین و دەرفەتی پێ بدەین، چونکە وڵاتێکی وێرانبووی دەست کەوتووە."

"دەبێت پشتیوانیی حکوومەتی کاربەڕێکەر بین"

نوێنەرەکەی ئەنەکەسە بە پێویستی دەزانێت "حکوومەتی کاربەڕێکی سووریا لەو چوار مانگای پێی دراوە، هەندێک هەنگاوی گرنگ بنێت، لەوانە، دامەزراندنی یەک هێزی سەربازیی یەکگرتوو، یەک ئیدارە، دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریی و ڕێگە بە کوژرانی خەڵکی مەدەنی نەدات و خزمەتگوزارییان پێشکەش بکات. دەبێت لەم قۆناغەدا ئێمەی هێزە سیاسییەکانیش پشتیوانیی کارەکانی ئەو حکوومەتە بین، نەک کۆسپی بۆ دروست بکەین." 

لەبارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی داهاتووی سووریادا، جێگری سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانیی سووریا، ئەوەی خستە ڕوو "ڕاستە لە حکوومەتی ئێستەی کاربەڕێکی سووریادا هیچ کوردێک نەکراوەتە وەزیر، بەڵام وەکوو ئەوەی پێم گوتراوە و زانیومە، لە حکوومەتی داهاتوودا کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتەکە، ڕۆڵ و نوێنەریان تێیدا  دەبێت؛ تاوەکوو دۆخی سووریا ئارام بکرێتەوە و پەنابەران بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان."

هەموارکردنەوەی دەستووری سووریا

بە گوتەی د. عەبدولحەکیم "بڕیار لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری سووریا دراوە، بەڵام میکانیزمی هەموارکردنەوەکە جارێ دیار نییە، دەگوترێت زۆر گۆڕانی تێدا دەکرێت. بە دڵنیاییەوە کورد لە هەموارکردنەوەی دەستوور بەشدار دەبێت و داوای مافی خۆی دەکات."

ئەنەسەکە، وەکوو ئەوەی نوێنەرەکەی گوتی: "تێڕوانینی ئێمە لەبارەی دۆخی گشتیی سووریا و دۆزی گەلی کورد زۆر ڕوونە. دەمانەوێت ناو و سروودی نیشتمانیی سووریا بگۆڕرێت و هەرێمێکی فیدراڵیی کوردیی لە سووریا دابمەزرێنرێت. لەپێناو ئەم ئامانجانە کار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەین." 

تێڕوانینی ئەحمەد شەرع لەبارەی دۆزی کورد

بە گوتەی نوێنەرەکەی ئەنەکەسە "تێڕوانینی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام لەبارەی دۆزی کورد لە سووریا ئەرێنییە و لە نزیکەوە ئاگاداری پرسەکەیە. چەندان جار دووپاتی کردووەتەوە، دەبێت کورد ڕۆڵی خۆیان لەنێو سووریادا ببینن و نابێت کۆمەڵگەی کوردی و پەکەکە تێکەڵی یەک بکرێن. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستم کەوتوون و وەکوو ئەوەی پێم گوتراوە، زۆر بە ڕێزەوە باسی سەرۆک مەسعود بارزانی لەنێو هەڤاڵانیدا دەکات."