عێراق.. لە هەر کاتژمێرێکدا حەوت حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکرێت

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی کانونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماری تایبەت بە کەیسەکانی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لە ماوەی مانگی 11ـی ڕابردوودا لە عێراق، بڵاو کردەوە.

لە دوا ئاماری مانگانەی تایبەت بە دۆسییەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە عێراق، ژمارەی هاوسەرگیری نوێ لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، گەیشتە 26 هەزار و 88 هاوسەرگیری، هاوکات ژمارەی دۆسییەی جیابوونەوە گەیشتە 5 هەزار و 734 حاڵەت، واتە ڕۆژانە 191 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکانی عێراق ڕوو دەدەن، واتە زیاتر لە7 حاڵەت لە یەک کاتژمێردا.

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە مانگی 10ـی 2024دا، 34951 گرێبەستی هاوسەریی لە عێراق تۆمار کراوە، هەروەها ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرانیش بۆ هەمان مانگ 6696 حاڵەت بووە. 

هەر بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، 5462 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، کە  1508 حاڵەتی جیابوونەوە بە بڕیاری دادوەری بووە، هەروەها زۆرینەی  جیابوونەوەکان لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ بووە، 698  جیابوونەوەش لەدەرەوەی دادگەکان بووە.