بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر: ئاوی بیره‌كانى ده‌وروبه‌ر هه‌موویان پاكن

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ڕایگەیاند، ئاوی بیره‌كانى ده‌وروبه‌ر, كه‌ ئێمه‌ سه‌رپه‌رشتى و چاودێرییان ده‌كه‌ین هه‌موویان پاك و بۆ خواردنەوە شیاون.

پێنجشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تیمێکی کوالێتی کۆنترۆڵمان هەیە، ڕۆژانە سەردانی بیری ئاوی گوندەکان، بەتایبەت ئەو گوندانەی پرۆژەیان بۆ جیبەجێ کراوە، دەکات."

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "هەر حاڵەتێک، یاخود کەموکووڕییەک لە ڕیژەی بەکارهێنانی کلۆر هەبێت، لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە دەکەین، تەنیا مەگەر لەو کاتەی کە ئامێری کلۆرەکە تێکچوو بێت یاخود  کلۆر نەما بێت، ئەو کاتە دەست دەکەین بە چاکردنەوەی ئامێرەکان و دابینکردنی کلۆر."

دەشڵێت: "تیمەکان بەردەوام نموونەی ئاوەکان وەردەگرن ئەگەر هاتوو بۆیان دەرکەوت لە هەر گوند و پڕۆژەیەک کلۆر بەکار نەهاتبێت، یان ڕێژەی کلۆرەکە بەپێی پێویست نەبێت. ئەو کاتە ئیشپێکەری بیرەکە لێی بەرپرسیارە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەین."

گوتیشی: " چەندان ئیشپێکەرمان سزا داوە، لەسەر سەرپێچیکردن. لە شەقڵاوە سێ حاڵەتمان هەبووە، لە هیران یەک  سەرپێچی و لە باسرمەش دوو سەرپێچی کراوە."

ڕێزان سەعد ڕاشیگەیاند "جگە لە تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، لیژنەی پارێزگار و تیمی تەندروستیش بەدواداچوون دەکەن و ڕاپۆرتی خۆیان دەنێرن؛ بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ڕێژەی پیسبوونی ئاو لە دەوروبەری هەولێر زۆر کەمی کردووە."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment