ئێران لە بێ کارەبایی داوای زوو داخستنی مۆڵەکان دەکات

وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران
وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران

حکوومەتی ئێران لە بێ کارەبایی، داوا لە مۆڵ و ناوەندە بازرگانییەکان دەکات زوو دەست لەکار هەڵبگرن و شوێنەکانیان دابخەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت کورتهێنانی کارەبای وڵاتەکە قەرەبوو بکاتەوە.

شەقامەکانی پایتەختی ئێران و دەیان شار و شارۆچکەی دیکەی ئەم وڵاتە، شەوان نوقمی تاریکی دەبن. حکوومەتی ئێران دەیەوێ بە پچڕانی کارەبای ئەو شەقامانە بەشێک لە کورتهێنانی کارەبا لەم وڵاتە قەرەبوو بکاتەوە، حکوومەت تەنانەت ناوەندە بازرگانییەکان و مۆڵەکانیشی ناچار کردووە ماوەی دەوامیان کورت بکەنەوە و زووتر لە جاران شوێنەکانیان دابخەن.

وەزارەتی وزەی ئێران ڕایگەیاندووە: 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکانی باکووری ئێران، بە هۆی بێ توانایی لە دابین کردنی سووتەمەنی لەکار کەوتوون، وەزیری وزەی ئێران سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتەکەی سەردانی تورکمانستانی کرد، ئێران بە نیازە بە هاوردەکردنی کارەبا و گازی سروشتی لە تورکمانستانەوە، بەشێک لە کورتهێنانەکانی قەرەبوو بکاتەوە. 

ماوەی پێنج ڕۆژە، فەرمانگە و ناوەندەکانی پەروەردە لە 23 پارێزگای ئێران داخراون بۆ ئەوەی بەشێک لە کورتهێنانی سووتەمەنی و کارەبا قەرەبوو بکرێتەوە، لەم پارێزگایانە تەنیا بانکەکان کار دەکەن،هاوینی ئەمساڵ کورتهێنانی کارەبا لە ئێران گەیشتە زیاتر لە بیست هەزار مێگاوات، پێشبینی دەکرێ لە زستانی ئەمساڵدا کورتهێنان بگاتە سی هەزار مێگاوات.

ڕۆژنامەی ئیعتمادی ئێران لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، پچڕانی کارەبا ساڵانە 25 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی ئیران دەگەیەنێت، لەم بڕەش 7 ملیار دۆلاری هی کەرتی پێترۆکیمیا و 4 ملیار دۆلاریشی هی کەرتی پیشەسازیی ئاسن و پۆڵایە.

کورتهێنانی سووتەمەنی و کارەبا لە ئێران لە کاتێکدایە کە ئەم وڵاتە لە بواری پاشەکەوتی نەوت و گازدا، پلەی دووهەم و سێیەمی جیهانی هەیە و تا بەر لە سەپاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەم وڵاتە، یەکێک لە سەرەکیترین هەناردەکارانی نەوت و گاز لە سەر ئاستی جیهان بووە. 

 
Fly Erbil Advertisment