سەمیر بابۆ لە رێگەی كوردستان24ـەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند
سەمیر بابۆ: ڕۆژانە بۆ هەڵبژاردن لە 50 لاوە پەیوەندی بە یاریزانەكان دەكەن و دۆخێكی ناجێگیرییان لەنێو یانەكە دروست كردووە
سەمیر بابۆ ڕاهێنەری یانەی هەولێر لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی كوردستان24 رایگەیاند، ڕەنگە یارییەكەی سبەی بەرامبەر موسڵ دوایین یاریی ئەو ڕاهێنەرە بێت وەكو راهێنەری یانەی هەولێر، دەشڵێت: چیتر بەرگەی ئەو هەموو قەیرانە دەستكردە ناگرم كە مەبەست دروست كراوە.
سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر وەرزی ڕابردوو توانی یانەكە لە مەترسی دابەزین ڕزگار بێت و ئەمساڵیش تاڕادەیەك لە پلەكانی سەرەوەی ریزبەندی نزیكە، پێش یارییەكەی سبەی هەولێر لە جامی عێراق بەرامبەر یانەی موسڵ، بابۆ ڕایگەیاند رەنگە ئەوە دوایین یاریی ئەو بێت وەكو ڕاهێنەری یانەی هەولێر، دەشڵێت: لە هەموولایەك توڕەم، داوا حكوومەت و پارێزگاری هەولێر و لایەنی پەیوەندیدار دەكەم بێن كێشەكانی یانەی هەولێر لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكەن.
سەمیر بابۆ گوتیشی: زیاتر لە 52 ڕۆژە یاریزانەكانم مووچەیان وەرنەگرتووە، لە جیاتی بێن كێشەی مووچە و دارایی یاریزانەكانم چاك بكەن، بابەتی هەڵبژاردنیان هێناوەتە پێشەوە و دۆخێكی ناجێگیریان دروست كردووە، رۆژانە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و هەڵبژاردن لە 50 لاوە پەیوەندی بە یاریزانەكان دەكەن و دۆخێكی ناجێگیرییان لەنێو یانەكە دروست كردووە و كاریگەری لەسەر لایەنی هونەری تیپەكەم دەبێت و دواجار من دەبمە قوربانی.
بابۆ هێمای بۆ ئەوەش كرد هیچ تەحەموولێكی نەماوە و ناتوانێت بەم دۆخە بەردەوام بێت، لەم بارەیەوە دەڵێت: لە جیاتی ئەوەی ئێستا خۆمان بۆ گواستنەوەی زستانە ئامادە بكەین و بیر لە گۆڕانكاری بكەینەوە، كەچی بابەتی هەڵبژاردنیان بەمەبەست هێناوەتە پێشەوە، لە كاتێكدا ئیدارەی ئێستای یانەی هەولێر كەشێكی دەروونی باشیان دروست كردووە دەكرا لەم كاتەدا ئەم دۆخە دروست نەكرابا، دواتر هەر ستافێكی دیكە دەهات پەیوەندی بە منەوە نەبوو، لای من تەنیا خەمی تیپەكەیە، چونكە بەم دۆخە خراپە ناتوانم لەوە زیاتر بەردەوام بم.
سەمیر بابۆ گوتیشی: من زیاتر لە 3 مانگ بوو تا بەرەبەیان نەخەوتووم بۆ ئەوەی تیپەكە سەرلەنوێ بنیات بنێینەوە، تەنانەت زیاتر لە مانگێكە نەمتوانیوە دووجار سەردانی دایكم بكەم، گیان و ڕۆحم بۆ ئەو شارەیە، بەڵێنم دابوو تیپێك بۆ ساڵی داهاتوو دروست بكەم كە ڕكابەری نازناوەكە بكات، بەڵام بەو هەموو پیلان و خەمی شەڕە كورسییە مەحاڵە بتوانم دۆخی تیپەكە لەڕووی هونەرییەوە بەرەو باشتر ببەم.
سەمیر بابۆ، پێشتر وەكو یاریزان نزیكەی 20 ساڵ یاریی بۆ سەرجەم ئاستەكانی یانەی هەولێر كردووە، وەكو ڕاهێنەریش نازناوی خولی لاوان و نایابی كوردستان لەگەڵ یانەی هەولێر بردووەتەوە، نزیكەی ساڵێكە وەكو ڕاهێنەری یانەی هەولێر بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق دەست بەكار بووە.