پۆلیسی هەولێر ئافرەتێکی جادووگەری دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، ئافرەتێکیان بە تۆمەتی جادوو و فاڵگرتنەوە دەستگیر کردووە و دەڵێت: ئەو ئافرەتە جگەلە جادوو، کاری نەشیاوی کردووە و چەندین کەسی خەڵەتاندووە.
سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: تۆمەتبارێکی ئافرەتی بە ناوی (ک. ا. م) لەدایکبووی (1987) دەستگیر کردووە ، ئەو ئافرەتە کاری جادوو و فاڵگرتنەوە و چەندین کاری دیکەی نەشیاوی کردووە، سەرباری ئەوەی بە سەدان کەسی هەڵخەڵەتاندووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت: تۆمەتباری ئاماژەپێکراو دانیشتووی شاری هەولێرە، لەپێناو بەرژەوەندیی ماددی ئەو کارانەی کردووە، بەبێ گوێدانە لایەنی کۆمەڵایەتی و تێکدانی شیرازەی خێزان، پارەکانیشی زیاتر لە ڕێگای کارتی بانکییەوە وەرگرتووە.
پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئەم کارانە لە ڕووی یاساییەوە قەدەغەکراون و هەر کەسێک کاری لەم شێوەیە ئەنجام بدات، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، بۆیە داواکارین هاووڵاتیان خۆیان لەو جۆرە کارانە بەدوور بگرن.