بە فەرمی هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دواخرا

هیچ وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری هەولێر دیارینەكراوە

شێركۆ كەریم و موئەیەد سەفا، هێرشبەر و ناوەراستكاری یانەی هەولێر
شێركۆ كەریم و موئەیەد سەفا، هێرشبەر و ناوەراستكاری یانەی هەولێر

هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولیر دواخرا و هیچ وادەیەكیش بۆ هەڵبژاردنەكە دیارینەكراوە.
بڕیار بوو پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 25 دێسێمبەری 2024، هەڵبژاردن بۆ دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی لەناوكاو هەڵبژاردنەكە دواخرا.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەی لەكاتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دروست بووە، بڕیاردرا هەڵبژاردن بۆ كاتێكی دیكە دوابخرێت و هێشتا بڕیاریی كۆتایی لەبارەی دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكە دەستنیشان نەكراوە و ئەگەرەكان بۆ ئەوەن تا كۆتایی ئەم وەرزە هەڵبژاردن نەكرێت.

 لە رۆژی 7/11/2021 لە هۆڵی رۆشنبیری زانكۆی سەڵاحەدین هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر كرا و 9 كەس وەكو دەستەی كارگێری هەڵبژێردران، عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی پێشووتری یانەی هەولێر زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەكانی 2021 بەدەستهێنا، بەڵام دواجار بڕیاری كشانەوەی دا و دەرفەتی بە ئەندامە نوێیەكان دا یانەی هەولێر بەڕێوەببەن، بەڵام دەستە نوێیەكە پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی خۆیان دەستیانلەكاركێشایەوە، پاشان دەستەیەكی كاتی بە سەرۆكایەتی موئەیەد مەغدید لە رۆژی 15/5/2024 دەست بەكاربوو، ئەم دەستە كاتییەش لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ماوەی یاسایی خۆیان تەواو دەكەن،  یانەی هەولێریش دوو سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، یانەكە بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی یانەكە نەكەوێتە بۆشایی یاسایی.