ئەوروپا وادەی بەرهەمهێنانی پێکوتەی کۆرۆنای راگەیاند
بۆ ماوەی چەند بەرگری دروست دەکات و لە کوێ دابەش دەکرێت
K24- هەولێر:
کۆمپانیای ئاسترازێنێکا مژدەی ئەوە دەداتە خەڵکی ئەوروپا، ئەو پێکوتەیەی کە نزیکن لە بەرهەمهێنانی، رەنگە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە کۆرۆنا بیانپارێزێت.
ئەو کۆمپانیا بەریتانیە کار لەسەر پێکوتەیەک دەکات کە لە لایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت و تاوەکو ئێستا چەند قۆناغێکی تاقیکردنەوەی بڕیووە، بەمزوانە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ کۆتایی دێت.
پاسکال سۆریۆت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە تەلەڤزیۆنی ئاڕ تی ئێڵی راگەیاند، پێمان وایە پێکوتەکە بۆ ماوەی ساڵێک بەرگریمان دژی کۆرۆنا بۆ دروست دەکات، مانگی حەوت و هەشت تاقیکردنەوەکان تەواو دەبن و ئەگەر هەموو شتێک بەباشی بەڕێوەبچێت، مانگی 10 پێکوتەکە بڵاودەکەینەوە.
راشیگەیاند، 400 ملیۆن پێکوتە دەدەنە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و نێزەرلاندس، هەروەها لە بەریتانیا و ئەمەریکاش بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە.
ئەمەش یەکمجارە کۆمپانیایەک، کاتی بڵاوکردنەوەی پێکوتەکەی ئاشکرا بکات.
Reuters