حووسیەکان: فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنمان لە تەلئەڤیڤ بۆردوومان کرد

فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ
فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ

حووسیەکانی یەمەن ڕایدەگەیەنن، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنمان لە تەلئەڤیڤ بۆردوومان کرد.

هەینی 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، حووسیەکانی یەمەن ڕایانگەیاند: بە مووشەک و درۆن، هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە نزیک تەلئەڤیڤ.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە، حووسیەکانی یەمەن دەڵێن:" لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان، مووشەکەکانی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، ئۆپەراسیۆنێکی کەم وێنەیان پێ ئەنجامدرا، تێیدا فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ناوچەی یافای ئیسرائیل بە مووشەکی بالیستی خێراتر لە دەنگ بەناوی فەڵەستین2 بە ئامانج گیرا،" دەشڵێن: دڵنیاین لەوەی مووشەکەکان ئامانجی خۆیان پێکاوە.

حووسیەکان ئاشکرایان کردووە، جگەلە ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ناوەڕاستی ئیسرائیل و کەشتییەک لە دەریای عەرەبی، دەڵێن: هێرشەکانی ئیسرائیل بەهێزترمان دەکات بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە پشتیوانییەکانمان بۆ گەلی فەڵەستین بدەین.

لە بەرامبەردا، گوتەبێژی سووپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی حووسییەکانیان خستووەتە خوارەوە بەر لەوەی بگاتە سەر ئاسمانی ئیسرائیل، لەگەڵ هێرشی حووسییەکانیش، زەنگی ئاگەدارکردنەوە لە ناوەڕاستی ئیسرائیل لێدرا بۆ خۆ پارێزی لە پارچەی ئەو مووشەکانەی لە ئاسمانەوە دەتەقێندرانەوە.