بۆ ڕێگریی لە گرانبوونی کەلوپەلەکان لیژنەکانی بازاڕ وەخۆ کەوتوون
" بەبۆنەی سەری ساڵەوە "
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ و هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی هەولێری پایتەخت، لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بە مەبەستی ڕێگریی لە گرانبوونی کەلوپەلەکان، بەردەوام و بەشێوەی مەیدانی چاودێریی بازاڕ دەکەن.
هۆگرعەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لیژنەکانمان لە هەموو بازاڕدا بڵاو کراونەتەوە و چاودێریی نرخی شتومەکەکان دەکەن، بەتایبەتی جلوبەرگ و خۆراک."
وەک هۆگر عەلی باسی کرد: "بەشێك لە خاوەن چێشتخانەکان دەیانەوێت ئەم ماوەیە و هاتنی گەشتیاران وەک هەلێک بقۆزنەوە نرخەکان بەرز بکەنەوە، بەڵام تیمەکانمان ڕێگرن لە بەردەم هەموو قۆرغکاری یان دەستکاریی نرخ لەلایەن فرۆشیارانەوە."
لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی تاوەکو سەری ساڵ، لە ڕێگای نۆ تیمەوە، بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانیش دەکەن هەر شتێکی نامۆیان بەرچاو کەوت، ئاگاداریان بکەنەوە.