هەولێر.. لە ساڵی 2024دا 16 هەزار و 716 منداڵ لەدایک بوونە
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵانی هەولێر ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024دا لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵانی هەولێر 16 هەزار و 716 منداڵ لەدایک بوونە.
چوارشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، بەشدار شەماڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەری کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆی ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان لە دایک بوونە لە 1ـی کانوونی دووەمی 2024وە تاکو 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، 16 هەزار و 716 منداڵن.
گوتیشی: کۆی ئەو منداڵانەی بە سروشتی لە دایک بوونە 10 هەزار و 595 منداڵە، ئەوانەشی بە نەشتەرگەری لە دایک بوونە 6121 منداڵن.
بەشدار شەماڵ دەشڵێت: لەو ڕیژەی ئاماژەی پێ کراوە هەشت هەزار و 595 منداڵ کوڕ بوون، هەشت هەزار و 121یش کچ لەدایک بووە، هەر لە ساڵی 2024، 454 منداڵ دووانە بوون 21 منداڵیش سییانە لەدایک بوونە."
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، یەکەم منداڵی لە دایکبووی ساڵی 2025 لە نەخۆشخانەی لە دایکبوون و ئافرەتانی هەولێر، بە ڕەگەز کچە. ئاماژەی بەوەش کردووە، شەوی ڕابردوو، 15 منداڵ لە دایک بوون، کە حەوتیان کوڕ و هەشتیان کچن.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانیش ئاماژەی بەوە کردووە، کاتژمێر12:01ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، یەکەم منداڵی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاری بە سروشتی لە دایک بوو، بەڵام ئاماژەی بە ڕەگەزەکەی نەکردووە.
هاوکات بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵانی دهۆک، لە سەرەتای ساڵی نوێ لە کاتژمێر 12:01 خولەک تاوەکوو کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-01-2025، 17منداڵ لە دایک بوون؛ 13یان کوڕ و چواریشیان کچن.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵانی دهۆک، یەکەم منداڵی لە دایکبووی ئەمساڵ، لە کوڕ بووە.