زیدان: حەکیمی دوو وەرزی نایابی لەگەڵ دۆرتمۆند بەڕێکردووە

زیزۆ هیچ شتێکی لەبارەی داهاتووی باس نەکرد

زینەدنین زیدان راهێنەری فەڕەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا باسی لە تواناکانی ئەشرەف حەکیمی یاریزانی مەغریبی یانەکەی کە بە شێوەیەکی کاتی یاریی بۆ بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا دەکات کرد، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە داهاتووی ئەو بەرگریکارە نەکرد.

راهێنەرەکەی مێرنگی نەیشاردەوە بەرگریکارەکەی یانەکەی توانیویەتی ئاستێکی باش لەم دوو وەرزەی رابردوو لەگەڵ یانە ئەڵمانیەکە پیشکەش بکات و دەڵێت '' حەکیمی سەلماندویەتی بەرگریکارێکی نایابە و ئێمە ئاگاداری ئەوەین ئەم دوو وەرزە لەگەڵ یانەکەی چۆن بووە، بەڵام ئەو پێویستی بە یاریی کردن بەردەوام هەیە و پێموابێت هەموومان لە ریال مەدرید و ئەوانی دیکەش لە دۆرتمۆند لە ئاستی ئەو یاریزانە رازین ''.

لەلایەکی دیکەوە ئالێخاندرۆ کامانۆ بەرێوەبەری کارەکانی ئەشرەف حەکیمی بە ماڵپەری وەرزشی گۆڵی جیهانی گووت '' نازانم ئەو دەنگۆیانە لە کوێوە سەریان هەڵداوە کە باس لەوە دەکەن ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو دەچێتە بایرن میونشن، تاوەکو ئەم ساتە هیچ شتێک لەبارەی چارەنوسی ئەشرەف یەکلایی نەبووەتەوە''.

ئەشرەف حەکیمی دوو وەرزە بە شێوەی خواستن یاریی بۆ بورووسیا دۆرتمۆند دەکات و ئەم هاوینەش گرێبەستە کاتیەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتایی دێت ودەبێت بگەڕێتەوە ریال مەدرید، ئەو بەرگریکارە مەغریبیە لە دوو وەرزی رابردوو لەگەڵ یانە ئەڵمانیەکە لە سەرجەم خول و پاڵەوانتیەکان بەشداری 72 یاریی کردووە و بەرهەمەکەشی 12 گۆڵ و 17 ئاسیست بووە.