گاتوزۆ: خودا پاداشتی ئێمەی دایەوە

تۆپی پێ منی کردووە بە مرۆڤێکی تەواو

گێنارۆ گاتوزۆ راهێنەری یانەی ناپۆلی ئیتاڵی دوای یاریی یانەکەی بەرامبەر یۆڤێنتۆس لە فاینەڵی جامی ئیتاڵیا سوپاسی خودای گەورەی کرد، دوای ئەوەی توانی لەگەڵ یانەکەی ببێتە پاڵەوانی جامەکە.

راهێنەری یانەکەی باشووری ئیتاڵیا دوای بردنەوەی یانەکەی بەرامبەر خانمە پیرەکە بە کەناڵی رای سپۆرتی گووت '' ژیان و بە تایبەتی تۆپی پێ زۆر شتی فێر کردووم، تۆپی پێ منی کردووە بە مرۆڤێکی تەواو، هەرچەندە مردنی خوشکەکەم منی خەمبار کردووە، بەڵام ئەمە مانای کۆتایی ژیان نیە. لەم یارییەشدا سوپاس بۆ خوا توانیمان پاداشتی خۆمان وەربگرین و دڵخۆشم کە توانیمان یەکەم نازناوی ئەم وەرزە بەدەست بێنین، یاریزانەکانی ئێمە سەلماندیان کە شایستەی ئەم نازناوە بوون''.

گاتوزۆ دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ناپۆلی، توانی دوای پێنج وەرز جارێکی دیکە نازناوەکە بۆ ئەو یانەیە بەدەست بێنێت، هەروەژها یەکەم نازناویشی وەکو راهێنەر بەدەست هێنا.