وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشق: پێویستە کورد بەشداریی پرۆسەی سیاسیی سووریا بکات
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە پێویستی دەزانێت کوردانی سووریا بەشداریی پرۆسەی سیاسیی بکەن و داواشیان لێ دەکات چەکەکانیان بێدەنگ بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 03-01-2025، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێک گەیشتنە دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا کۆ ببنەوە.
پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ شەرع، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنیی سووریا کۆ بووەوە و باسی لەوە کرد "دەبێت کورد تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا بکرێت." گوتیشی: "کورد لە سووریادا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاوپەیمانی فەرەنسایە و دەبێت لە سوریای نوێدا بە پرۆژەیەکی سیاسی پرسی کورد چارە بکرێت، چونکە کاتی ئەوە هاتووە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا چەکەکان بێدەگ بکرێن و بەسیاسییانە گرفتەکانە چارە بکرێن.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەوەشی خستە ڕوو: "داوا لە ئیدارەی نوێی سووریا دەکەین دەست بە گفتوگۆیەک بکات کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا کۆ بکاتەوە."
لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ سووریا، ئەمڕۆ هەینی، 03-01-2025، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی زیندانی "سێدنایا"ـیان لە دیمەشق کرد.
ستیفان شنێک، نێردەی ئەڵمانیا بۆ سووریا، وێنەکانی ناوەوەی زیندانەوەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاو کردوونەتەوە و باسی لەوە کردووە، دیمەنە ترسناکەکانی نێو زیندانی سێدنایە وەسف ناکرێن.