کتێبی نۆتەی ( خەرامان ) بۆ میلۆدی بڵاوکرایەوە
کتێبێکی تایبەت بە میلۆدی لەلایەن زۆزک قەرەداخی بڵاوکرایەوە و هونەرمەند بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سویتی خەرامان هەڵبژاردەیەکە لە حەوت پارچە لە میوزیکەکانی ئەردەشیر کامکار، کە لە نێو کتێبەکەدا ( شێوە ژەندنی کەمانچە – بەشی دووەم )بە شێوەی تاکژەنی داڕێژراوە.
خەرامان ناونیشانی یەکێکە لە پارچەکان کە لە نێو ئەم سویتەدا کەوتۆتە بەشی شەشەمەوە، هەرچی پەرچەکانی دیکەیە ناونیشانی خۆی و سکێڵ و ڕیتمی جیاوازی هەیە. ناوی پارچەکانیش بریتییە لە، ژوان، یادگار، کاروان، ئاسۆ، خەرامان، نهێنی فرمێسک و هێلانە.
پارچە میوزیکەکان ڕۆژهەڵاتین و تێکهەڵکێشێکە لە ئاواز و تیمەی کوردیی و ڕۆژهەڵاتی، کە لەم شێوازەدا ڕووندەبێتەوە ئاواز و مۆرکی نەتەوەکانی دراوسێ هاوبەشیان هەیە و دەکرێت بنیاتی تازەی لەسەر ئەنجام بدرێت.
نووسەر دەڵێت: ئەم سویتە بەجۆرێک ئامادەم کردووە گونجاوبێت بۆ توانای فێرخواز و ژەنیاری پێشکەوتوو، وەک موزیکی کۆنسێرتی ژوور، بەڵام پێویستە ژەنیاران شارەزییان هەبێت لە سکێڵەکانی موزیکی خاوەرمیان، وەک 'عەجەم، بەیات، چوارگا' هەروەها توانای ژەندنی میوزیکی کلاسیکیان هەبێت، چونکە سویتەکە بە بنەمای هارمۆنی و ئۆرکێستەیشنی کلاسیک داڕێژراوە، توانای ئاواز و میوزیکدانانی کوردی و ڕۆژهەڵاتیم نیشانداوە.