پسپۆڕێکی ئیتاڵی باس لە کۆتایی کۆرۆنا دەکات
"سەرەتا پڵنگ بوو ئێستا بووەتە پشیلەی کێوی
K24- هەولێر:
پسپۆڕێکی ئیتاڵی دەڵێت، ئەو کۆرۆنایەی سەرەتا وەکو پڵنگ بەهێزبوو، ئێستا توانای پشیلەیەکی هەیە.
پرۆفیسۆر ماتیۆ باسێتی، سەرۆکی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی سان مارتینۆ دەڵێت، کۆرۆنا تواناکانی دەگۆڕێت، ئەو کەسانەی ئێستا نەخۆشن، ئەگەر پێشتر تووشبوونایە، ئەگەری هەبوو بمرن.
دەشڵێت، ئەگەر ئەم لاوازبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راستی بێت، ئەوا کۆرۆنا پێویستی بە پێکوتە نابێت و خۆی لەناو دەچێت.
باسێتی دەڵێت، رەنگە هۆکاری ئەمە بازدانی جیناتیی بێت، یان بەهۆی باشتربوونی دەرمانەکان و خۆپارێزی خەڵکەوە بێت.
لە لێدوانێکی بۆ سەندەی تێلیگراف، ئەو پزیشکە پێی وایە، لە مانگی سێ و چوار، کۆرۆنا وەکو پڵنگ وابووە، بەس ئێستا وەکو پشیلەیەکی کێوی وایە، ئەو کەسانەی ئێستا تووش دەبن، تەنانەت ئەوانەشی کە تەمەنیان زۆرە، تەندروستی و دۆخیان باشترە لە رابردوو.
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانی ئەم پزیشکە ئیتاڵییە، چەند پزیشكێک وەڵامیان داوەتەوە و دەڵێن، هیچ بنەمایەکی زانستی بۆ ئەو قسانە نییە و نابێت پشتی پێببەسترێت.