چەند هەرزەکارێک "دڵی دەشکێنن" و قازەکەش مردار دەبێتەوە

خەم دەیکوژێت

K24- هەولێر:

قازێک دوای ئەوەی چەند هەرزەکارێک بە بەرد هێلکەکانی دەشکێنن و هاوسەرەکەی جێی دەهێڵێت، لە خەم و پەژارەدا، گیان لەدەست دەدات.

لە شارۆچکەی بۆڵتۆن لە بەریتانیا، چەند منداڵێکی هەرزەکار، بەرد و خشت دەگرنە هێلکەی قازێک، هێلکەکانی دەشکێنن، دوای ماوەیەکی کەم قازەکە مردار دەبێتەوە.

ماڵپەڕی مانجستەر ئیڤنینگ نیوز ئاشکرایکردووە، هەرزەکارەکان لە کۆی شەش هێلکە، سێ هێلکەی قازەکەیان شکاندووە، دواتر دوو هێلکەی دیکەش دیار نەماون، ئەمەش قازەکەی خەمبار کردووە.

ئاشکراشیکردووە، قازە نێرەکەش، دوو هەفتە لەمەوبەر دیار نەماوە و ئەو دایکە قازەی جێهێشتووە، ئەمەش فشاری زیاتری بۆ قازەکە دروست کردووە.

ئاژەڵپارێزانی ناوچەکە، دوای گەڕان بە دوای قازەکە، بە مرداریی دەیدۆزنەوە.

دەکرێت قازەکان بەهۆی “شکانی دڵیان” بمرن بەتایبەت کاتێک هاوبەشی ژیانیان لەدەست دەدەن چونکە قازەکان زۆربەی جارەکان یەکجار ئەو ژیانە هاوبەشە دروست دەکەن و بەچکە دروست دەکەن، دواتر لەگەڵ قازێکی دیکە ئەو کارە ناکەن. ئەمەش وایکردووە لە ئەدەبیاتدا، قاز وەک هێمای دڵسۆزیی و خۆشەویستی وێنا بکرێت.