رامۆس بووە گۆڵکەرترین بەرگریکاری مێژووی لالیگا

پێش رۆناڵدۆ کومانی هۆڵەندی کەوت

سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا بە تۆمار کردنی گۆڵێک بەرامبەر ریال سۆسیداد بووە گۆڵکەرترین بەرگریکار لە مێژووی لالیگا و پێش رۆناڵد کومانی هۆڵەندی کەوتەوە.

بەرگریکارەکەی مێرنگی یاریی گەڕی رابردوو بەرامبەر ئیبار توانی گۆڵێک بکات و کۆی گۆڵەکانیشی لە لالیگا گەیاندە 67 گۆڵ و لەگەڵ رۆناڵد کومان بەرگریکاری پێشووی یانەی بارسێلۆنا یەکسانبویەوە، بەڵام لە یارییەکەی ئەم هەفتەیە بەرامبەر ریال سۆسیداد بە تۆمار کردنی گۆڵێکی دیکە، مێژوویەکی نوێ تۆمار کرد و بە 68 گۆڵ بووە گۆڵکەرترین بەرگریکاری لە مێژووی لالیگا، واتە هیچ بەرگریکاری نەبووە هێندەی ئەو یاریزانە گۆڵ بکات.

هەرچەندە چەندە سەرچاوەیەک دەڵێن فێرناندۆ هیەرۆ بەرگریکاری پێشووی ریال مەدرید بە تۆمار کردنی 105 گۆڵ گٶلکەرترین بەرگریکاری مێژووی خولەکەکە، بەڵام رۆژنامەکانی وەرزشی مارکا و ئاس بڵاویان کردووە لە ساڵی 1991 تاوەکو 1994 وەکو یاریزانی ناوەڕاستکاری یاریی کردووە و ئەو کات توانیبوی 44 گۆڵ بکات، بەڵام کاتێ وەکو بەرگریکار یاریی پێکراوە، ئەو 61 گۆڵی کردووە.