ترکی مەحلاوی: بەم زووانە دەروازەی سنووریی قائیم دەکرێتەوە

قایمقامی قەزای قائیم، ترکی مەحلاوی ڕایگەیاند، عێراق لە هەموو لایەنەکانی ئەمنی و لۆجیستی و ئیدارییەوە، ئامادەیە دەروازەی سنووریی لەگەڵ سووریا بکاتەوە.
ترکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، "بەم زووانە دەروازەی قائیم دەکرێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئیستا هیچ وادەیەکی بۆ دیاریی نەکراوە، بڕیارەکەش لەسەر لایەنی سووریا وەستاوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "دۆخی سنوورەکەمان لەگەڵ سووریا سەقامگیرە، هەروەها هێزەکانی عێراق و پاسەوانی سنوور جێگیر کراون."
مەحلاوی گوتیشی: "هیچ بارهەڵگرێکی بازرگانی لە عێراقەوە نەچووەتە سووریا و بەپێچەوانەوەشەوە؛ تەنیا ڕێگە بە هاووڵاتیانی سووری و لوبنانی دراوە بچنەوە سووریا و عێراقییەکانیش ڕێگەیاند پێ دراوە بگەڕێنەوە وڵات، هەروەها بەمزووانەش دەروازە سنووریەکە دەکرێتەوە."
دەروازەی سنووریی قائیم لە نێوان عێراق و سووریا، بەشێوەیەکی کاتی لە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەتەواوی داخرا، چونکە لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریا هێزەکانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد لە سنوورەکە کشانەوە.