بڕیاردەری لیژنەی دارایی: بڕیارێکی حکومەت هەیە مووچەی پلەباڵاکان بە بەردەوامی 50% بێت
سەرەتای مانگی داهاتوو یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکرێت
K24 - هەولێر
لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بڕیارێك درا كە خەڵك دەمێكە چاوەڕێیە، ئەویش كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵا و تایبەتەكانە بەڕێژەی 50%. ئەگەرچی بڕیاری کۆتایی بڕینی مووچەی فەرمانبەران تەنیا بۆ ئەو مانگەیە، بەڵام "ئەوەی پەیوەستە بە پلە باڵاکان، بەردەوام دەبێت".
بڕیاری پێدانی 50%ـی مووچە، ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بە پلەی باڵا و تایبەتیش خانەنشین بوون، ئامانج لە بڕیارەكەش نەھێشتنی ئەو جیاوازییە زۆرەیە كە لە نێوان مووچەی فەرمانبەراندا ھەیە.
محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان 24ـی راگەیاند "زیاترین بڕینی مووچە، لە پلەباڵاکان و تایبەتەکانە.... بڕیاری حکومەتیش هەیە کە بەبەردەوامی مووچەکانیان 50% کەمبکرێتەوە، ئەم مانگە بەو شێوازە مووچەکانیان دابەش دەکرێت و پاش ئەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کۆتایی دێت و بودجەی هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێت، ئەوکاتە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان وەک خۆی لێدێتەوە".
بڕیاری راگرتنی پارەدارکردنی 21%ـی وەزارتەكان، تەنیا بۆ ئەم مانگەیە و سەرەتای مانگی داھاتوو یاسای چاكسازی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی یاساكە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران رێكدەخرێتەوە.
بڕیاری راگرتنی تەمویلی %21 لە وەزارەتەكاندا ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە مووچەیان لە 300 ھەزار كەمترە، ھەروەھا مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەیش ناگرێتەوە، ئەم توێژانە تەواوی مووچەكانیان وەردەگرن.
بەڕای شارەزایانی بواری ئابووری، بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەم دۆخە سەختە تێپەڕێنێت.
هـ.ر.