کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەند کرد

کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ، ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەند کرد، هەروەها وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە لە دژی ڕێککەوتنەکە دەنگیدا و داوای لە وەزیرانی حکوومەتیش کرد لە دژی ڕێککەوتنەکە بن.
هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ، بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی لەگەڵ حەماس پەسەند کرد لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دوای بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنە سیاسی، ئەمنی و مرۆییەکان و جەختکردنەوە لەوەی ڕێککەوتنەکە پشتیوانی لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە دەکات.
لە کۆبوونەی کابینەی ئەمنیدا، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە دژی ڕێککەوتنەکە دەنگیدا و داوای لە وەزیرانی حکوومەتیش کرد لە دژی ڕێککەوتنەکە دەنگ بدەن و ڕایگەیاند، هێشتا زۆر درەنگ نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕێککەوتنەکە بکەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەکەی ناتانیاهۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووە، کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن شاندی دانوستانکارەوە ئاگادار کراوەتەوە کە ڕێککەوتن کراوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
هەروەها ئاماژەیداوە، بڕیارە هەر ئەمڕۆکە کابینەی حکوومەتی جەنگ بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە کۆبێتەوە، چونکە بنیامین ناتانیاهۆ پەیامی بەستنی کۆبوونەوەی بۆ ئەندامانی کابینەکەی ناردووە.
ئەوەشی ئاشكرا کردووە، کە خانەوادەی بارمتەکان ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە کەسوکارە ڕفێندراوەکانیان بکەن.