قەتەر وادەی چوونە واری جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە ئاشکرا دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکە، سبەی کاتژمێر 8:30 بەیانی بە کاتی غەززە، ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەچێتە وار ی جێبەجێکردن.

شەممە 18ی کانوونی دووەمی 2025، مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکە، سبەی کاتژمێر 9:30 بەیانی بەکاتی هەولێر (8:30 بەیانی بە کاتی غەززە) ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەچێتە وار جێبەجێکردن.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی غەززە دەکات و دەڵێت، "داوا لە خەڵکی غەززە دەکەم خۆیان بپارێزن و وریابن، هەروەها چاوەرێی ڕێنەماییەکانی سەرچاوە فەرمییەکان بن."

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتە دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ ئاگربەست کراوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەخایەنێت، تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.

ڕاپۆرتی دەستەی ناوەندی ئاماری فەڵەستین بڵاوی کردووتەوە، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ـەوە لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تاوەکوو 15ی ئەم مانگە 47 هەزار 559 فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژران و 116 هەزار و 965 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 18 هەزار و 700 کەسیش دەستگیرکراون.