حەماس: ئیسرائیل لە ئامانجەکەی سەرکەوتوو نەبوو

بزووتنەوەی حەماس ڕۆژێک بەر لە جێبەجێ کردنی ئاگربەستی غەززە ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل لە ئامانجەکەی سەرکەوتوو نەبوو، تەنیا لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ سەرکەوتوو بووە.

بزووتنەوەی حەماس، شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئیسرائیل سەرکەوتوو نەبووە لە بەدەست هێنانی ئامانجە شەرانگێزەکانی خۆی"

 ئاماژەشی داوە، "ئیسرائیل تەنیا لە جێبەجێ کردنی تاوانی جەنگ و بێرێزی کردن بە بەهای مرۆڤایەتی سەرەکەوتوو بووە." 

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتە دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ ئاگربەست کراوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەخایەنێت، تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.

ڕاپۆرتی دەستەی ناوەندی ئاماری فەڵەستین بڵاوی کردووتەوە، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ـەوە لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تاوەکوو 15ی ئەم مانگە 47 هەزار 559 فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژران و 116 هەزار و 965 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 18 هەزار و 700 کەسیش دەستگیرکراون.