جۆزێف عۆن: دەبێت هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێنەوە

شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکی نوێی لوبنان داوایەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و گوتی: "دەبێت لە باشووری لوبنان بکشێنەوە و پابەندی ڕێککەوتننامەی حزبوڵڵا بن".

جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان بە ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند: ''پێویستە ئیسرائیل پابەند بێت بە ڕێککەوتننامەی 27ـی تشرینی دووەمی 2024، کە لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل ئیمزا کرابوو". دەشڵیت: "دەبێت هێزەکانی ئیسرائیل بەر لە 26 ئەم مانگە لە باشووری لوبنان لەو ناوچانەی کە داگیری کردوون بکشێتەوە."

 نووسینگەی سەرۆکایەتی لوبنان ڕایگەیاندووە، "هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و وێرانکردنی خانو و باڵاخانەکان بە تەواوی دژی ئاگربەستەکەیە".

ئەم لێدوانی سەرۆکی لوبنان دوای قسەکانی، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا دێن کە ئیسرائیلی بە پێشێل کردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردبوو، ڕایگەیاندبوو: ''داوا لە ئیسرائیل دەکەم ئارامی ئێمە تاقی نەکەنەوە، داواشی لە حکوومەتی وڵاتەکەی کردبوو وەڵامێکی توندیان هەبێت".

لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیسرائیل و حزبوڵڵا لەسەر ڕاگرتنی شەڕ بۆ دوو مانگ ڕێککەوتن، بە گوێرەی ئاگربەستەکە لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژدا هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکشێنەوە و هێزەکانی لوبنان و یونیفێل شوێنیان دەگرنەوە.

لەبەرانبەردا، حزبوڵڵای لوبنانی 30 کیلۆمەتر لە ڕووباری لیتانی لە سەر سنوور پاشەکشێ بکەن و هەموو ژێرخانە سەربازییەکانیان لە باشوور هەڵبوەشێننەوە.