کۆمپانیاکانی بیمەی ئەمەریکا بەهۆی ئاگری لۆس ئەنجلسەوە 20 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوت

ئاگری لۆس ئەنجلس
ئاگری لۆس ئەنجلس

بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە، بەتایبەتیش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە، کۆمپانیاکانی بواری بیمە، بەردەوامن لە جێهێشتنی ویلایەتی کالیفۆرنیا.

بە گوێرەی ئامارەکان، بەهۆی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسەوە، کۆمپانیاکانی بواری بیمە نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، چونکە  ناچاربوون دەیان هەزار کەس قەرەبوو بکەنەوە.

ئاگرەکە بەردەوامە و زیانی گەورەی لە کۆمپانیاکانی بیمە لە کالیفۆرنیا داوە، بەمەش ئەم کۆمپانیایانە یا ویلایەتە ئاڵتۆنییەکە بەجێدێڵن، یاخود سیاسەتی خۆیان لە بیمە دەگۆڕن، ئاگرەکە بووەتە ئالەنگارییەکی زۆر گەورە لەبەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا کە بڕیارە 20ـی ئەم مانگە دەستبەکاربێت، یەکێكە لە ئالنگارییە قورسەکانی ناوخۆ کە پێویستە سەرۆکی نوێ چارەسەری بکات، زیاتر لە 11 ڕۆژە ئاگرەکە بەردەوامە و تەواوی تیمەکانی ئەمەریکا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن، بەڵام تا ئێستاش خامۆش نەکراوە.

ئاگرەکەی کالیفۆرنیا هێندەی دیکە کۆمپانیاکانی بیمەی هاندا یا سیاسەتی خۆیان لەو ویلایەتەی ئەمەریکا بگۆڕن، یاخود بەجێیبهێڵن.

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، چوار کۆمپانیای دیکە بیمە ویلایەتی کالیفۆرنیایان بەجێهێشتووە و چێدیکە ئامادە نین بیمە دانیشتووانی ئەو ویلایەتە بکەن، لە کاتێکدا ویلایەتە ئاڵتۆنییەکە و بەتایبەت شاری لۆس ئەنجلس، نزیکەی 10 ڕۆژە یەکێک لە گەورەترین ئاگرەکەیان لە دارستان و خانووەکانی بەردەوامە، ئەمەش وای کردووە دانیشتووانی کالیفۆرنیا دۆشدابمێنن لەوەی کێ قەرەبووی سووتانی ماڵەکانیان و لەدەستدانی سامانیان بکاتەوە، بەو پێیەی کالیفۆرنیا یەکێکە لەو ویلایەتانەی بەردەوام ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوە ژینگەییەکانی تێدا ڕوو دەدات.

تا ئێستا 25 کۆمپانیای بواری بیمە  کالیفۆرنیایان بەجێهێشتووە، دیارترینیان بریتین لە  (ئۆل ستەیت، ئێم گارد، ستەیت فارم، ئینشورانس) و چەندان کۆمپانیای دیکەش.

بەگوێرەی ئامارەکان، کۆمپانیاکانی بواری بیمە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسەوە، نزیکەی 22 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، هەندێکیشیان مایە پووچ بوون، تەنانەت پێش کەوتنەوەی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس، چەندین کۆمپانیای بواری بیمە دەستیان بە کشانەوە لە کالیفۆرنیا کردووە، ئەوەش بەرەنجامی ئەو ویلایەتە و لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە سامانەکانیانە لەبەرامبەر قەرەبووکردنەوەی کەسانی زیانمەند لە کارەساتە سرووشتییەکان.

کۆمپانیاکانی بواری بیمە کارکردن لە کالیۆفۆرنیا بەزیان بۆیان دەشکێتەوە وەک لەوەی قازانج بکەن، چونکە لەسەرجەم وەرزەکاندا ئەم ویلایەتەی باشووری ڕۆژئاوای ئەمەریکا ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی و ئاگر دەبێتەوە، کۆمپانیاکانی بواری بیمە دەسەڵاتدارانی کالیفۆرنیا تۆمەتبار دەکەن  بەوەی کەمتەرخەم بوون لەگرتنە بەری ڕێکار بۆ ڕێگریی کردن لە سووتانی دارستانەکان و کارەساتە سروشتییەکان.

بەپێی نوێترین ئاماری دەستەی فریاگوزاری ئەمەریکا، ئاگرەکەی لۆس ئەنجلوس نزیکەی 200 ملیار دۆلار زیانی داوە و 5 هەزار خانوو سووتاون، کە زۆربەیان خانووی گرانبەها بوون، ئەمە لەگەڵ ئاوارەبوونی هەزاران کەس.