ئەمڕۆ ئاگربەست جێبەجێ دەکرێت و سوپای ئیسرائیلیش هۆشداری دەدات
بڕیارە کاتژمێر 9:30 خولی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستی شەڕ لە غەززە جێبەجێ بکرێت، لەلایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە دانیشتوانی غەززە بۆ ئەوەی نزیکی سەربازانی سوپا نەبنەوە.
سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوە بە دانیشتووانی غەززە کە لە هێزەکانی نزیک نەبنەوە و بەر لە جێبەجێ کردنی ئاگربەستەکەش هیچ جووڵەیەک بەرەو ناوچەی ئارامەکان نەکەن.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئاگربەستەکە ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 06:30 بە کاتی گرینیچ، واتە کاتژمێر 9:30 بەکاتی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها ئەڤیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی عەرەبی سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی تەلیگرام پەیامێکی بە زمانی عەرەبی ئاراستە دانیشتووانی کەرتی غەززە کردووە و دەڵێت"داواتان لێدەکەین بۆ سەلامەتی خۆتان بەرەو ناوچەی ئارام یان نزیکی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل نەچن."
دەشڵێت "لەم قۆناغەدا چوون بەرەو ناوچەی ئارام یان ڕۆیشتن لە باشوورەوە بۆ باکوور لە ڕێگەی دۆڵی غەززە جێگەی مەترسییە و هەر کەسێک بەرەو ئەم ناوچانە تێپەڕێت یان نزیک بێتەوە، گیانی دەکەوێتە مەترسی."