حکوومەتی کاتیی سووریا پێشنیازێکی مەزڵووم عەبدی ڕەت دەکاتەوە

وێنە 'ڕۆیتەرز' مورهاف ئەبو قەسرا، وەزیری بەرگریی حکوومەتی کاتی سووریا
وێنە 'ڕۆیتەرز' مورهاف ئەبو قەسرا، وەزیری بەرگریی حکوومەتی کاتی سووریا

وەزیری بەرگریی حکوومەتی کاتیی سووریا، پێشنیازەکەی مەزڵووم عەبدی لەبارەی یەکەیەکی تایبەت بە هێزەکانی هەسەدە لە وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: نابێت یەکەی تایبەت بەخۆیان هەبێت.

یەکشەممە، 19 کانوونی دووەم 2025، مورهاف ئەبو قەسرا، وەزیری بەرگریی حکوومەتی کاتیی سووریا، ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نابێت لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکەیەکی تایبەتیان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا هەبێت.

وەزیری بەرگریی حکوومەتی کاتیی سووریا پێشنیازەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕەت دەکاتەوە کە  گوتبووی، ئامادەنە هێزەکانیان وەکوو یەکەیەکی تایبەت ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و، دەڵێت: "ئەو پێشنیازەمان قبووڵ نییە و نابێت یەکەیەکی تایبەتیان هەبێت، بەڵکو دەبێت لەنێو وەزارەتی بەرگری بتوێنەوە."

گوتیشی: "سەرکردەکانی هەسەدە ئەم پرسە پشتگوێ دەخەن، بەم شێوەیەش چارەکردنی ئەم کێشەیە دوا دەخەن".

بە گوێرەی هەواڵی مێدیاکانی نزیک لە هەسەدە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەک لەنێوان حکوومەتی ئێستای سووریا و هێزەکانی هەسەدە بەڕێوەچوو، بەڵام لەسەر هیچ یەکێک لەو پرسانە نەگەیشتنە رێککەوتن، کە پەیوەندی بە داهاتووی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی کاتیی سووریاوە هەیە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment