بەڕێوەبەری گشتی داڤوس: جیهان لە مەترسیدایە

ڕاپرسییەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی(داڤوس) ئاشکرای کردووە، گرژی و ئاڵۆزییە چەکدارییەکان گەورەترین هەڕەشەن لە ساڵی 2025، ئەوەش لە کاتێکدا کە سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بەشداریی تێدا دەکەن.
900 شارەزا و پسپۆر لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و کۆمپانیاکان و دروستکەرانی بڕیار و سیاسەت ڕایان وەرگیراوە لەبارەی ململانێ و گرژییەکان لە شەڕ و تیرۆر، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو ئالنگارییانە بوونەتە گەورەترین مەترسی لەسەر گەشەپێدانی ئابووری لە جیهاندا.
دیاردەکانی گۆڕانی خراپی کەشوهەوا ئەمساڵ لە ئاستی دووەمی کۆڕبەندی داڤوس دەبێت لەگەڵ ئەوەی ساڵی 2024 لە ئاستی یەکەمدا بوو.
میریک دۆسیک، بەڕێوەبەری گشتی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە جیهانێکدا دەژین ئێستا ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە، گوتی: لەسەر سەرکردەکانی جیهانە بژاردەیەک بکەن لەبارەی ئەوەی کە، یا دەبێت زیاتر هاوکار بن، یاخود خۆیان ڕووبەڕووی ئەو مەترسی و نەبوونی سەقامگیرییە ببنەوە، دەشڵێت: هیچ مەترسییەک لەوە گەورەتر نییە.
کۆڕبەندی داڤوس سبەی دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025 لە سویسرا دەست بەکارەکانی دەکات و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کە هەمان ڕۆژ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەگرێتە دەست، لە کۆڕبەندەکە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشداریی دەکات.