دوای 12 ساڵ لە داخرانی، کونسوڵخانەی تورکیا لە حەلەب دەست بەکارەکانی دەکاتەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتی تورکیا لە حەلەب ڕاگەیاند، کە ماوەی 12 ساڵ بوو بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە داخرابوو. ئەم ڕاگەیاندنە دوای زنجیرەیەک هەنگاوی دیپلۆماسی تورکیا هات لە سووریا.
کردنەونەی کونسوڵخانەی تورکیا لە حەلەب، لەلایەن دانیشتووانی شاری حەلەبەوە پێشوازی لێکرا و خۆشحاڵی خۆیان بە گەڕانەوەی کونسوڵخانەی تورکیا بۆ شارەکە دەربڕی.
یەکێک لە دانیشتووانی حەلەب دەڵێت: "دڵخۆشین کە کونسوڵخانەکە گەڕاوەتەوە، چونکە هەست بە برایەتی لەگەڵ گەلی تورکیا دەکەین، ئەو ماوەیەی کونسوڵخانە داخرابوو سەخت بوو، ئێستاش دیسان هەست بە نزیکبوونەوە دەکەین، یەکێکی دیکەش دەشڵێت: کونسوڵخانەکە هاوکارییەکی زۆری خەڵکی حەلەب کرد."
کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی بیناکە دەستی پێ کردووە، کە لە ساڵی 2012ەوە داخراوە، پێشبینیش دەکرێت بەم نزیکانە کونسوڵخانەکە دەست بەکارە فەرمییەکانی بکاتەوە.
هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە سبەی شەممەوە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، تیمی باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق دەست بەکارەکانی دەکاتەوە و ئامانجی تورکیاش نەهێشتنی یەپەگە و چەکدارە بیانییەکانە.