کایا کالاس: ترەمپ لەبارەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاست دەکات

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ڕووبەرووی هەڕەشەکانی ڕووسیا ببینەوە پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری ئەمنی بکەین و دۆناڵد ترەمپ ڕاستی گوتووە، کە یەکێتیی ئەورووپا وەکوو پێویست پارە لە بەهێزکردنی سیستەمی ئاسایشی و بەرگری خەرج ناکات.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمڕۆ چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 2025، لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئاژانسی بەرگریی ئەورووپا (EDA) گوتی: "ڕووسیا هەڕەشەیەکی جددیە بۆ سەر ئاسایش یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ببینەوە، پێویستە خەرجی و وەبەرهێنان لە بەرگریی زیاد بکەین."
هەروەها بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بە دروست زانی لەبارەی دابین نەکردنی خەرجی پێویست لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەرگری کردن لە خۆیان و گوتی: ''پێویستە وەبەرهێنان زیاتر بکەین و دەبێت ئەمەریکا وەکوو هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەورووپا بمێنێتەوە."
ڕاشیگەیاند، پێوستمان بە پەیوەندییەکی هاوبەشی سوودبەخش لە بواری ئەمنی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش بیرۆکەی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەگەڵ بەریتانیا و وڵاتانی دیکە بە دروست دەزانم.