وادەی قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوە ڕاگەیەندرا

ئەمساڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێژەیەکی کەمتری گەنم لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. 

پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی جووتیارانی بەسرە و شاندیکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق؛ ڕایگەیاند: "ئەمساڵ بە هۆی کەمی ڕێژەی دابارین، ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر دەبێت."

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ئەوەشی خستەڕوو "ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دیاری کراوە کە بۆ ئەمساڵ  400 هەزار تۆنە." گوتیشی: "لە ئەگەری زیادبوونی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم، لە جووتیارانی عێراق، بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."

بێگەرد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەش کرد "وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە ڕێککەوتنی ڕۆژمێری کشتوکاڵیی عێراقی، لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی جووتیاران. داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، پابەندی هەمان ڕێککەوتن بن."

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لــــە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 26-01-2025، هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە قەدەغە دەکرێت.