گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا ئەم هاوینەش ئەستەمە
یانە فەڕەنسیەکە پێداگیرە لەسەر نرخی نیمۆ 175 ملیۆن یۆرۆ
نێیمار داسیلڤا، هێرشبەری بەڕازیلی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا ماوەیەکە هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ دووبارە لەبەر کردنەوەی درێسی یانەی بارسێلۆنا و کارگێری یانە کەتەلۆنیەکەش ئامادەیە چەندین یاریزانی بکاتە قوربانی لە پێناو گەڕاندنەوەی نیمۆ، بەڵام شازادەکان تەنها یەک مەرجیان هەیە بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە ئەویش 175 ملیۆن یۆرۆیە.
گۆڵکارە بەڕازیلیەکە هاوینی 2017 بەرامبەر بە 222 ملیۆن یۆرۆ بارسای جێهێشت و پەیوەندی بە یانە فەڕەنسیەکە کرد و تەنها دوای یەک وەرز یاریی کردن بۆ ئەو یانەیە لەو بریارەی پەشیمان بویەوە و هەوڵی گەڕانەوەی بۆ یانەکەی پێشووی دەدات و کارگێری یانە ئیسپانیەکەش چەندینجار هەوڵی گەراندنەوەی داوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ سوود بونە و رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرای کردووە بەم دواییە بەرپرسانی بارسا ئامادەییان دەربڕیوە لە پێناو گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە ئامادەن چەند یاریزانێکیان پێشکەش بە پاریسیەکان بکەن، بەڵام ئەو یانەیە رەتیدەکاتەوە بەم پێشنیازە رازی ببێت.
سەرچاوە کەتەلۆنیەکە ئەوەشی بڵاوکردووە پاریس سانجێرمان پەیامێکی ئاراستەی بارسێلۆنا کردووە و لەو پەیامەدا کارگێری ئەو یانەیەی ئاگادار کردووەتەوە تەنها بەرامبەر بە 175 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری نێیمار دەبن، بە پێچەوانەوە ئەوان بە هیچ ئۆفەرێکی دیکە رازی نابن.