هەولێر.. ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 30 فەقێ مۆڵەتیی زانستییان لە حوجرەکانەوە وەرگرتووە

ساڵانێکی زۆرە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە ڕێگای حوجرەکانەوە، دوای چەندین ساڵ لە خوێندن, مۆڵەت دەداتە فەقێیەکان و دەبنە مامۆستای ئایینی.

هەینی، 24-01-2025، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "ساڵانە لە ڕێگەی چەندان مامۆستای ئایینی بە ئەزموون مۆڵەت دەدرێتە فەقێیەکان و دوای وەرگرتنی مۆڵەتەکەش، لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە بە فەرمی دەناسێندرێن."

نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەش کرد: "ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە 30 فەقێ مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر پێدانی مۆڵەت لەسەر بنەمای چەند مەرجێکە، لەنێویاندا دەبێت فەقێکە هەشت ساڵ لە حوجرە بخوێنێت، ئەو حوجرەیەش دەبێت مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ئەوقاف هەبێت، لەکاتی خوێندنی دا، پێویستە بە تەواوی پابەندی پەیڕەو و پڕۆگرامی حوجرە و مامۆستاکە بێت."

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر حوجرەی ئایینی هەن و مێژوویەکی کۆنیان هەیە، لە ڕێگەی حوجرەکانەوە، بە هەزاران مامۆستایی ئایینی پێگەیشتوون.