بایرن میونشن نرخی دوو یاریزانی ئاشکرا دەکات
بایرن میونشن نرخی هەردوو یاریزانی یانەکەی تیاگۆ ئالکانتارا و دەیڤید ئالابا دیاریی دەکات.
رۆژنامەی وەرزشی بیڵدی ئەڵمانیا لەسەر زاری یەکێک لە بەرپرسەکانی یانەی بایرن میونشن بلاویکردووە ئەوان بۆ وەرزی داهاتوو دەستبەرداری چەند یاریزانێکی یانەکەیان دەبن، یەکێک لەوانە تیاگۆ ئالکانتارا ناوەڕاستکاری ئیسپانیە و نرخی ئەو یاریزانەشیان بە 60 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە، هەروەها یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی کە دەیەوێت ئەو یانەیە جێبێڵێت، دەیڤید ئالابای بەرگریکاری نەمسایی و ئەو یاریزانەش بەرامبەر بە 80 ملیۆن یۆرۆ دەتوانێت یانەکەی جێبێڵێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی بلاوکردووە چوونی یاریزانە ئیسپانیەکە لەو یانەیە مسۆگەرە، بەڵام ئالابا تاوەکو ئێستا چارەنوسی یەکلایی نەبووەتەوە و کارگێری باڤارییەکان ئامادەن گرێبەستی ئەو یاریزانە کە لە ساڵی 2021 کۆتایی دێت، بۆ ماوەی سێ سالی دیکە نوێ بکەنەوە.