لە ئەمەریکا زیاتر لە 400 کۆچبەری نایاسایی دەستگیر کران

کەناڵی فۆکس نیوز بڵاوی کردەوە، پۆلیسی فیدراڵی وەک یەکەم نیشانە دیارەکانی پلانی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی نایاسایی، هەڵمەتێکیان دەست پێ کردووە.
بەگوێرەی کەناڵی فۆکس نیوز، لە سەرەتای دەستپێکی ئیدارەی ترەمپ، ئیدارەی کۆچبەران و گومرگی (ICE) زیاتر لە 460 کۆچبەری نایاسایییان دەستگیر کردووە، لەنێویاندا ئەوانەی پێشینەی تاوانیان هەیە وەک دەستدرێژیی سێکسی، توندوتیژیی خێزانی، تاوانی ماددە هۆشبەرەکان و چەک.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش داوە، لە نیوەشەوی 21 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025، لەماوەی 33 کاتژمێردا، زیاتر لە 460 کۆچبەری نایاسایی دەستگیر کراون کە پێشینەی تاوانیان هەبووە.
لە هەڵمەتەکەدا، هاووڵاتییانی زۆرێک لە وڵاتانیان دەستگیر کردووە، لەوانە ئەفغانستان، ئەنگۆلا، بۆلیڤیا، بەرازیل، کۆڵۆمبیا، کۆماری دۆمینیکان، ئیکوادۆر، سەلڤادۆر، گواتیمالا، هیندۆراس، مەکسیک، نیکاراگوا، سەنیگال و ڤەنزوێلا.
دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانە لە سەرانسەری ویلایەتەکانی ئەمەریکادا بووە، لە نێویاندا ئیلینۆی، یوتا، کالیفۆرنیا، مینیسوتا، نیویۆرک، فلۆریدا و میریلاند.
ICE ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 420 کەس بە تاوانی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، ڕفاندن، لێدان و دزیی دەستگیر کران.