بەندەر و دەروازە سنوورییەکانی عێراق؛ بوونەتە شوێنی ساغکردنەوەی کەلوپەلی قاچاغ

بەندەری ئوم قەسر
بەندەری ئوم قەسر

ڕۆژانە لە بەندەر و دەروازە سنوورییەکانی عێراق، هەزارەها کەلوپەل بە قاچاغ دەهێنرێنە نێو وڵاتەکە، بەشێک لەو کەلوپەلانە لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەپێی مێدیا عەرەبییەکان؛ بەشێکی دیکە لەو کەلوپەلانە بە هاوکاری کەسانی باڵادەست بە قاچاغ داخلی وڵاتەکە دەکرێن و لە بازاڕدا ساغ دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ 25ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنووریی عەرعەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەست بەسەر سێ باری کەلوپەلی ئۆتۆمبێلدا گیرا کە هەوڵ دەدرا بەبێ مەرج و یاساکانی گومرگی داخڵی عێراق بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە بەرێوەبەرایەتیی بەندەری ئوم قەسر، ڕایگەیاند: سێ هەزار ئامێری پێوانەی شەكرە و هەندێک ئامێر کە لە پیشەسازی ددان بەکاردێن دەستیان بەسەردا گیرا.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو کەلوپەلانە هیچ مۆڵەتێکی تەندروستییان نەبوو، کەسەکان هەوڵیان دەدا بە قاچاغ داخڵی عێراقی بکەن.

بەپێی مێدیا عەرەبییەکان، بەندەر و دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕۆژانە کۆمەڵێک کەلوپەل بە قاچاغ لەوێوە بۆ ناوخۆی عێراق دەگوازرێنەوە، هەروەها بەشێک لەو کەلوپەلانە کە لەلایەن کەسانی باڵادەستەوە بێ کێشە داخڵ دەکرێت، بەشێکی دیکەیان دەستیان بەسەردا دەگرێت.

مێدیا عەرەبییەکان ئاماژەیان بەوە دا، کەلوپەلی قاچاغ و بێ مۆڵەت لە بازاڕەکانی عێراق بە شێوازێک زۆر بووە کە کۆنترۆڵ ناکرێن.

هەر لەم بارەیەوە پەرلەمانتارێکی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: ئەو کەلوپەلە قاچاغانەی کە بێ کێشە لە دەروازە سنوورییەکان داخڵ دەکرێن خاوەنەکانیان کەسانی باڵادەستن و کەس ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.

جەختی لەوەش کردەوە، کەلوپەلی قاچاغ ئێستا بووەتە دیاردە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە، هاووڵاتییانیش زۆر نیگەرانن بەڵام چاریان نییە و نازانن سکاڵا لەلای کێ بکەن.

باسی لەوەش کرد، گەندەڵییەکی بەرچاو لە دەروازە سنوورییەکاندا هەیە و کە ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی داهاتی زەبەلاح بۆ کەسانی بەرپرس و باڵادەستی وڵاتەکە کە ئەم کارە دەکەن.

23ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنووریی زەرباتییە ئاشکرای کرد، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە بۆڕی گیرا کە هەوڵ دەدرا بەدەر لە یاسا گومرگییەکان داخڵی عێراق بکرێت و خۆیان لە پێدانی گومرگ بدزنەوە و بە قاچاغ داخڵی بکەن.

بەڕێوەبەرایتییەکە، دەڵێت: ڕاپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتنەکە ئامادەکرا و ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی گومرگی زەرباتییە کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست و لێپرسینەوە.

لە هەمان دەروازەی سنووریی، لە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، دەست بەسەر دوو بارهەڵگر دەرمانی قاچاغ و بێ مۆڵەتدا گیرا.

عێراق خاوەنی 11 دەروازەی سنووریی وشکانییە. لەگەڵ هەریەکە لە ئێران، سووریا، سعوودییە، ئوردن، بەپێی دوا ئاماری دەزگای ناوەندیی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق؛ قەبارەی هاوردە لەو دەروازانە 7 ترلیۆن و 395 ملیار دینار بووە، 5 ترلیۆن و 76 ملیار دینار قەبارەی هاوردەکراوی ئێران بووە. 

هاوکات عێراق خاوەنی 6 دەروازەی دەریاییە، کۆی هاوردەکراو بەپێی دوا راپۆرت 15 ترلیۆن و 978 ملیار دینار بووە، بەشی هەرە زۆری ئەو بڕە کە 10 ترلیۆن و 330 ملیار دینارە لە دەروازەی ئوم قەسری باکوور هاوردەکراوە. کەمترین بڕی هاوردەیش لە ڕێگەی دەروازە ئاسمانییەکانەوە بووە کە بڕەکەی تەنیا 826 ملیار و 520 ملیۆن دینار  بووە.

بەراورد بە هاوردەکردن، هەناردەی عێراق بۆ وڵاتانی دیکەی لە کەمترین ئاستدایە، بەشێوەک قەبارەی هەناردە لە کۆی دەروازە سنوورییەکان 3 ترلیۆن دینارە.

هۆکاری  زۆری قاچاغ لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە پێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، سەرباری گەندەڵی ڕەگداکوتاوو. بۆ هەژموونی گرووپە چەکدارەکان دەگەڕێتەوە: گرووپی چەکداری وەکوو؛ کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بەدر و عەسائیب ئەهلوحەق هێزیان لە 6 دەروازەی سنووی لە پارێزگای بەسرە جێگیر کردووە.

جگە لەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا دەستیان بەسەر سێ دەروازەدا گرتووە، لە ئەنبار لیوای تەفووف، کەتیبەکانی حزبووڵا و سەرایا خوڕاسانی دەستیان بەسەر سێ دەروازەدا گرتووە، هاوکات لە پارێزگای دیالە، بەدر و عەسائیب ئەهلولحەق دەستیان بەسەر دوو دەروازەدا گرتووە. وەکوو چۆن عەسائیب لە بەغدا دوو ناوچەی گومرگیی و دوو دەروازەی لە پاریزگای واست خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە گەندەڵی تێوەگلاون

پێش چەند مانگێک کوردستان24 ڕاپۆرتێکی لەبارەی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان 60%ـی تێپەڕاندووە.

كه‌ریم عه‌لیو‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق، ڕایگەیاند: لێژنه‌كه‌یان سەردانی دەروازە سنوورییەکانی کردووه ‌و بۆیان ده‌ركه‌وتووه،"گەندەڵییەکی بەرچاو لە دەروازە سنوورییەکاندا هەیە، به‌ جۆرێك ده‌روازه‌كان بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات بۆ گه‌لی عێراق داده‌نرێن، به‌ڵام ڕێژەی گەندەڵی لە ده‌روازه‌ سنوورییه‌كاندا 60%، ئەمەش ڕێژەیەکی کەم نییە و ئابڕوچوونێكی گەورەیە بۆ گەلی عێراق".

عه‌لیو‌یی، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، له‌لایه‌ن ڕاوێژكاره‌كانی حكوومه‌ته‌وه‌ دەست له‌ كاروباری ده‌روازه‌ سنوورییه‌كاندا وەردەدرێت، به‌ جۆرێك، ڕاوێژكار به ‌ناوی سەرپەرشتی گشتی و كۆنترۆڵی سەرجەم ده‌روازه‌كه‌ ده‌كه‌ن؛ بۆیه‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوودا لێژنه‌كه‌یان ڕێوشوێنی پێویست بۆ وه‌رگرتنی وه‌ڵامی پێویست دەگرێتە بەر و به‌رپرسانی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بانگهێشت ده‌كه‌ن و دواتر بڕیار له‌باره‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی هه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.